
وەزارەتی دارایی لەبارەی مووچەی مانگی یەک ڕوونکردنەوە دەدات
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوە لەسەر مووچەی ساڵی 2026 دەدات و ڕایدەگەیەنێت، تاوەکو ئێستا هیچ ڕێنماییەکی نوێ لە بەغداوە نەگەیشتووە و وەزارەت ئامادەیە بۆ ناردنی لیستی مووچە.
وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: سەبارەت بە ڕێکارەکانی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2026 و لە وەڵامی ئەو لێکدانەوە و زانیارییە ناڕاستانەی لە بەشێک لە میدیاکان بڵاو دەکرێنەوە، بەپێویستی دەزانین ئەم ڕاستییانە بۆ ڕای گشتی بخەینە ڕوو:
1. تا ئێستا هیچ نووسراو و ڕێنماییەکی نوێ لە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە سەبارەت بە میکانیزمی خەرجکردنی مووچەی ساڵی 2026 نەگەیشتووەتە دەستمان.
2. هیچ ڕێککەوتن یان بڕیارێکی نوێی تایبەت بە شێوازی دابەشکردنی مووچە لە ئارادا نییە.
3. وەزارەتی دارایی و ئابووری هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو، بەردەوامە لە ئامادەکارییەکان و جێبەجێکردنی قۆناغەکانی دابەشکردنی مووچە.
4. وەزارەتمان هیچ کێشەیەکی تەکنیکی و کارگێڕیی نییە لە ئامادەکردن و ناردنی “تەرازووی پێداچوونەوە” و “لیستی مووچە”، تەنها لە چاوەڕوانیی گەیشتنی ڕێنماییە نوێیەکانی بەغدادین بۆ ساڵی 2026.
داواکارین لەو کەس و لایەنانەی شارەزاییان لە وردەکاریی ڕێنمایی و ڕێککەوتنە داراییەکان نییە، خۆیان بەدوور بگرن لە بڵاوکردنەوەی زانیاریی چەواشەکارانە، بەتایبەت سەبارەت بە بڕی (120) ملیار دینارەکە. یاری کردن بە هەست و سۆزی مووچەخۆران بۆ مەرامی سیاسی و دەستکەوتی کەسی، کارێکی ناڕەوایە.
دەرگای وەزارەتمان هەمیشە کراوەیە بۆ هەر لایەنێک کە خوازیاری وەرگرتنی زانیاریی دروست بێت.