له‌ هه‌ولێر چوارریانێك به‌ناوی (كه‌زی) ده‌كرێ

لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی شارەوانیی هەولێر بڕیار درا چواریانێکی هەولێری پایتەخت بەناوی (کەزی) بکرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانیی هەولێر ساز دا ، سوپاسی ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانیی هەولێری کرد، کە سەرباری ئەرکی فەرمیی خۆیان، لە خەمی ڕاپەڕاندن و چارەسەرکردنی کێشەی کاروباری هاووڵاتیانی هەولێرن و بە پەرۆشەوە بە دوای چارەسەرکردنی گیروگرفتەکانی هاووڵاتییان و جوانتر و دەوڵەمەنکردنی سیمای شارەستانیی شاری هەولێرن.

لە کۆبوونەوەکە پارێزگاری هەولێر ، دووپاتی لەسەر ئەوە کردەوە، کە پێویستە ئەندامانی ئەنجومەن رۆڵی خۆیان لە خزمەتی حکومەتی هەرێمی كوردستان و خەڵکی کوردستان ببینن. وەك جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەتیش، فەرمانبەری دڵسۆز بواری زیاتریان پێ بدرێت لە وەزارەتی دامودەزگاکانی حکومەت و زیاتر خزمەت بکەن.

لە تەوەرێکی تردا، پارێزگاری هەولێر، پێشنیاری بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی هەولێر کرد، کەوا چواریانێکی هەولێری پایتەخت بەناوی کەزی بکەن و شوێنێکی گونجاوی بۆ هەڵبژێرن، چونکە ئەم پرسە ئەمڕۆ بۆتە دیفاکتۆی سوڕبوون لەسەر پرسە نەتەوەییەکانی گەلی کورد و زیندووکردنی رۆحی بەرگری و مقاوەمەت و بەرپرچدانەوەی زوڵم و ستەمی داگیرکەران.

دووپاتیشیکردەوە، کە ئەم ناونانە رەهەندی نەتەوەیی و نیشتیمانی خۆی هەیە و ئاماژەیەکی روونە بە یەکگوتاری نێو ماڵی کورد.

ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانیی دوای تاوتوێکردنی پرسەکە، بە کۆی دەنگ پێشنیاری پارێزگاری هەولێر بۆ ناونانی چوارریانێکی هەولێری پایتەخت بەناوی کەزیان پەسەند کرد و تاکیدیان لەسەر ماهییەتی قووڵی پێشنیارەکە کردەوە، کە بۆ هەموو لایەکی دەسەلمێنێ گەلی کوردستان لەهەر بەشێکی کوردستان بن، یەک بیرو یەک رۆح کۆیان دەکاتەوە.

Back to top button