فیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی: هێرشکردنە سەر منداڵێکی کورد لە زیورخ بەهۆی ئاڵای کوردستانەوە پلان بۆ داڕێژراو بووە

لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ئەمڕۆ یەکشەممە، فیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە سویسرا سەرکۆنەی هێرشێکی “فاشیستانە”ی کرد کە لە شاری زیورخ کراوەتە سەر منداڵێکی 12 ساڵان و ڕایگەیاند، هێرشەکە تەنها بەهۆی هەڵگرتنی ئاڵای کوردستانەوە بووە و داوای سزادانی تاوانباران دەکەن.

فیدراسیۆنەکە لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ڕۆژی شەممە 31ی کانوونی دووەمی 2026، لە کاتێکدا خانەوادەی منداڵێک بە ناوی “پریسکە” سەرقاڵی ئامادەکاری بوون بۆ بەشداری لە خۆپیشاندانێکی گەورە لە شاری بۆنی ئەڵمانیا، لەلایەن چەند “تورکێکی فاشیستەوە” لە شاری زیورخی سویسرا هێرش کراوەتە سەر ئەو منداڵە کە تەمەنی تەنها 12 ساڵە.

دەشڵێت:” ئەو منداڵە خوشکەزای “سەیران کەریم” بەرپرسی فیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانییە لە سویسرا. فیدراسیۆنەکە دەڵێت: “ئەم کردەوە ترسناک و ڕەگەزپەرستانەیە پێدەچێت بە شێوەیەکی پلانبۆداڕێژراو و لەژێر چاودێریدا ئەنجام درابێت.”

سەبارەت بە هەڵوێستی یاساییان، فیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی جەختی کردووەتەوە کە بە توندی ئەم هێرشە سەرکۆنە دەکەن و پشتگیریی هەموو ڕێکارە یاسایییەکان دەکەن بۆ دادگاییکردنی تاوانباران. ئاماژەیان بەوەش کردووە کە هەموو هەنگاوێکی یاسایی لە دژی هێرشبەران دەگرنەبەر و بێدەنگ نابن.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، فیدراسیۆنەکە پشتگیریی تەواوی خۆی بۆ خانەوادەی سەیران کەریم دەربڕیوە و هیوای تەندروستی و سەلامەتییان بۆ “پریسکە” خواستووە کە بووەتە قوربانیی ئەو هێرشە.

Back to top button