
هاوردەکردنی بەرهەمی تەماتە قەدەغە کرا
وەزارەتی کشتوکاڵ بڕیاریدا بە دانانی قەدەغە لەسەر هاوردەکردنی بەرهەمی تەماتە لە دەروازەکانەوە بۆ هەرێمی کوردستان.
لە ڕاگەیاندراوێکدا وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: “لە پێناو پارێزگاریکردن لە بەرهەمی خۆماڵی و کارابوونی ڕۆژمێری هاوبەشی کشتوکاڵی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق ،هاوردەکردنی بەرهەمی تەماتە قەدەغە کرا.”
وەزارەتەکە ڕاشیگەیاند “لەچوارچێوەی ئەو هەماهەنگیەی هەیە لە نێوان وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کشتوکاڵی فیدراڵ، وە لەسەر داوای جوتیارانی کۆمەڵەی کشتوکاڵی ئەلزوبێر و ناوەراست و خوارووی عێراق، ئەمڕۆ لەمیانی پێشوازی و ئەنجامدانی کۆبونەوەیەکی هاوبەشی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لەگەڵ سەرۆکی کۆمەڵەکە و نوێنەرایەتی جوتیارانی دەشتی پێنجوێن ، بڕیاردرا بە دانانی قەدەغە لەسەر هاوردەکردنی بەرهەمی تەماتە لە دەروازەکانەوە بۆ هەرێمی کوردستان.”
ئاشکراشی کردووە: “بۆ ئەم مەبەسته نووسراوی فەرمیی وەزارەت ئاراستەی سەرجەم فەرمانگەکان و دامەزراوەکانی پەیوەندیداری حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە، بۆ مەبەستی گرتنەبەری رێککاری کارگێری و یاسایی پێویست، وەک پاڵپشیتیەک بۆ جوتیارانی هەرێمی کوردستان و جووتیارانی ناوچەی بەسره کە ساڵانە هەماهەنگییەکی باش لە نێوانیاندا هەیە.”