
وەزارەتی پێشمەرگە هەواڵێكی كەناڵی (یەكی عێراقی) بە درۆ دەخاتەوە
وەزارەتی پێشمەرگە هەواڵێكی كەناڵی (یەكی عێراقی) بە درۆ دەخاتەوە و دەڵێ: هێزی پێشمەرگە لیوای 50ـی حەشدی شەعبی لە مووسڵ بۆردومان نەكردووە و لەسەر ئەو هەواڵەش بە مافی خۆمانی دەزانین سكاڵای یاسایی تۆمار بكەین.
وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان ڕایگەیاند: “کەناڵی (یەکى عێراقی – قناة الأولى العراقية) هەواڵێکی بڵاوکردووەتەوە، تێیدا ئاماژە بەوە دەدات کە گوایە هێزەکانی پێشمەرگە بارەگای لیوای 50ـی حەشدی شەعبییان لە پارێزگای نەینەوا بۆردومان کردووە.”
دەشڵێ: “ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە، وێڕای ڕەتکردنەوەی تەواوی ئەم هەواڵە، ڕایدەگەیەنین کە سەرلەبەری هەواڵەکە دوورە لە ڕاستییەوە.”
ڕاشیگەیاند: “هێزەکانی پێشمەرگە لەم بارودۆخەدا هاوشان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی تری عێراق، ئەرکی پاراستنی ئاسایشی عێراق و هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکەن و بە هیچ شێوەیەک بەشداریی هیچ ئۆپەراسیۆنێکی لەو جۆرەیان نەکردووە.”
لە كۆتاییدا، وەزارەتی پێشمەرگە بە مافی یاسایی خۆی دەزانێت سکاڵا لەسەر کەناڵی (یەکى عێراقی) تۆمار بکات، لەسەر بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، کە هەوڵی نانەوەی فیتنە و تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و سیاسی دەدات لە نێوان پێکهاتەکانی عێراقدا.