
وەزارەتی دارایی ڕوونکردنەوەیەکی بۆ ڕای گشتی بڵاو کردەوە
بەڕێوبەرایەتیی گشتیی گومرگ لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی بڵاوکراوەیەکی دەستەی گومرگەکانی عێراق روونکردنەوەیەکی بۆ رای گشتی بڵاو کردەوە.
لە روونکردنەوەکەی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی گومرگ لە وەزارەتی دارایی هاتووە: “سەبارەت بە بڵاوکراوەیەکی دەستەی گومرگەکانی عێراق کە لەپێگەی ئەلکترۆنی دەستەکە بڵاوکراوەتەوە سەبارەت بە شمولی بابەتەکانی (خۆراک و دەرمان) لە چوارچێوەی سیستەمی ئەسیکۆدا و وەرگرتنی ڕەسم و باج بۆ حسابی گومرگەکانی عێراق یاخود باجەکان لە دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل کە لە ڕێگای (البیان المسبق ) بۆ ماوەی (3) مانگ کەلە (2026/5/31) کۆتایی دێت.”
ئاماژە بەوەش دراوە: “بۆ سەرجەم بازرگانان و کۆمپانیاکان و ڕای گشتی ڕوون دەکەینەوە کە ئەو بڵاوکراوەیە پێچەوانەی خاڵی (8) ه، لە بڕیاری ژمارە (569)ی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی فیدراڵە کە ئاماژە بەوە دەدات وەرگرتنی ڕەسمی گومرگی لەو نوسینگە گومرگیانە دەبێت کە کەل و پەل و کاڵاکانی لێوە هاوردە دەکرێت ،وە هەروەها لەم بڕیارەیان هیچ جۆرە هەماهەنگیەکیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان نەکردووە.”
ئەوەش خراوەتە روو: “هەموو بازرگان و کۆمپانیاکانی بواری دەرمان و خۆراک دڵنیا دەکەینەوە کەڕێکارەکان لە گومرگی دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل بەهەمان میکانیزمی پێشوو جێبەجێ دەکرێت لە چوارچێوەی یاساو ڕێنماییەکان.”