
پۆلیسی دارستان و ژینگە بۆ هاووڵاتییان : کوردستان ماڵی گەورەی هەموومانە؛ با بە پاکی بیپارێزین
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان پەیامێک ئاراستەی هاووڵاتییان دەکات و دەڵێ:” وەرزی بەهار و گەشت و سەیران هاتەوە، سروشتی نیشتمان بەهۆی بارانی زۆرەوە زیاتر لە هەموو کات درەوشاوەتەوە. با پێکەوە ئەم جوانییە بپارێزین
دەقی پەیامەکە:
هاونیشتمانی بەرێز,
وەرزی بەهار و کاتی گەشت و سەیران هاتەوە. ئەمساڵ، بەهۆی بارانی زۆر، سروشتی کوردستان زیندوو بووەتەوە و زیاتر جوانییەکانی خۆی دەردەخات.
سەرەڕای دۆخی ناوچەکەمان، کە لە شەڕ و نا ئۆقرەیی بەدوور نییە، تکایە کاتێک لەگەڵ خێزان و ئازیزانتان بۆ هەوای پاک و کاتێکی خۆش دەچنە دەرەوە، لە بیرتان نەچێت کە دەشت و دەر و چیا و ڕووبار و پۆند و جۆگە و دارستانەکان وەک ماڵی خۆتان بپارێزن.
پاشماوەی گەشتەکانتان لەگەڵ خۆتان بهێننەوە و ژینگەی نیشتیمانی خۆتان پیس مەکەن.
پاراستنی ژینگە و سروشتی جوانی کوردستان، ئەرکێکی نیشتیمانییە و نیشانەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتییە.
خوای گەورە سروشتێکی جوان و پاکی
پێ بەخشیوین با بە پاکی بیپارێزین.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان
بەهاری 2026