مەسرور بارزانی: پێویستە حکومەتی عێراق بەرپرسیاریەتیی دەستووریی خۆی لە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەنفال جێبەجێ بکات

ئەمڕۆ سێشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 38ـەمین ساڵیادی تاوانی ئەنفالدا، ڕایگەیاند :” دەستکەوتەکانی ئێستای هەرێمی کوردستان بەرهەمی خوێنی شەهیدانە و داوای لە بەغدا کرد بەرپرسیاریەتیی ئەخلاقی و دەستووریی خۆی بۆ قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانییان جێبەجێ بکات.

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی حکومەت : 

شاڵاوە بەدناوەکانی ئەنفال، یەکێک لە دڕندانەترین شاڵاوەکانی پاکتاوی نەژادی و جێنۆساید بوون کە لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراق لە دژی گەلی کوردستان ئەنجامدرا و بووە هۆی بێسەروشوێن بوون و شەهیدکردنی هەزاران خەڵکی بێتاوانی کوردستان و خاپوورکردنی هەزاران گوند و دێهاتی کوردستان.

ئەم جێنۆساید و کۆمەڵکوژیانەی بەرانبەر خەڵکی کوردستان کران ، پێویستە هەمیشە لە یادماندا بمێنن و نەوەکانمان بزانن کە دەستکەوتەکانی ئێستامان بە ئاسانی بەدەست نەهاتوون و کەسیش خێری پێ نەکردووین، بەڵکوو بەرهەمی خەبات و خوێنی هەزاران شەهیدی سەربەرزی کوردستانە.

لەم یادەدا، جەخت دەکەینەوە کە پێویستە حکومەتی عێراق بەرپرسیاریەتی ئەخلاقی و دەستووری خۆی جێبەجێ بکات و بە شێوەیەکی شایان، قەرەبووی بنەماڵە و کەسوکاری ئەو شەهید و ئەنفالکراوانەی کوردستان بکاتەوە.

لە سی و هەشتەمین ساڵیادی ئەنفالدا، سڵاو لە گیانی پاکی ئەنفالکراوان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

2026/4/14

Back to top button