
پارتی: بەشداری کۆبوونەوەیەک ناکەین کە ئیرادەی خەڵکی کەرکووکی تێدا ڕەچاو نەکرێت
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، بڕیاری بایکۆتکردنی کۆبوونەوەی بڕیارلێدراوی سبەی پێنجشەممە (16ی نیسان)ی ئەنجومەنەکەی ڕاگەیاند.
لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوە کردووە :” بەشداری کۆبوونەوەی سبەی (16ی نیسان)ی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ناکەین و بایکۆتی دەکەین. ئەم بڕیارەمان تەنها هەڵوێستێکی سیاسی نییە، بەڵکو درێژەی هەڵوێستە نەتەوەییەکانی پێشوومانە، لەوانە بایکۆتی کۆبوونەوەی هۆتێل ڕەشید؛ چونکە بڕوامان وایە بڕیاردان لەسەر چارەنووسی کەرکووک لە ژوورە تاریکەکان و بەبێ گەڕانەوە بۆ ئیرادەی ڕاستەقینەی نوێنەرانی شارەکە و دەنگی ئێوەی دڵسۆز، زیان بە پێکەوەژیان و دەسکەوتە نەتەوەییەکان دەگەیەنێت.
فراکسیۆنی پارتی جەختی کردۆتەوە:” ئەم بایکۆتە نیشانەی دووربینیی سیاسیەتی حەکیمانەی پارتیمانە و پابەندبوونمانە بە ڕێبازی پیرۆزی بارزانی؛ ئێمە ئامادە نین ببینە بەشێک لە پڕۆسەیەک کە تێیدا نوێنەرانی شەرعی پەراوێز بخرێن و بڕیارەکان لە دەرەوەی ئیرادەی خەڵک بسەپێندرێن.
دەشڵێ:” پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک هەمیشە ئامادەیە باجی کوردایەتی بدات و سازش لەسەر مافە نەتەوەییەکان نەکات، وەرگرتنی پۆستیش بەلاوە گرنگ نییە ئەگەر باجەکەی پاشکۆیەتی و بێدەنگبوون بێت.
لەکۆتایی بەیاننامەکە هاتووە:” ئێمە وەک چەتری کۆکەرەوەی هەموو پێکهاتەکان دەمێنینەوە و تەنها پشتگیری لە تەباییەکی وا دەکەین کە مافی هەمووان بە دادپەروەری بپارێزێت و کەرامەتی هاووڵاتیانی کەرکووک لە سەروو هەموو شتێکەوە دابنێت.