
فراكسیۆنی پارتی بڕیاری دا بگەڕێتەوە بەغدا
فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاری دا بگەڕێتەوە بەغدا بۆ سەر كار و چالاكییەكانی لە پەرلەمانی عێراق و ڕایگەیاند:” دوای دروستبوونی لێکتێگەیشتنی ئەرێنی لەنێوان هێزە سیاسییەکاندا، بەتایبەتی دوای سەردانی سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو و شاندی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ هەرێمی کوردستان، فراکسیۆنەکەمان بڕیاری دا بگەڕێتەوە بۆ بەغدا.
دەقی ڕاگەیاندراوی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق:
پاڵپشت بەو متمانە نیشتمانییەی گەلەکەمان پێی بەخشیوین، وەک فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە ئامادەیی و هەڵوێستە سیاسییەکانمان لە پڕۆسەی یاسادانان و چاودێریدا، ئامرازێک بووە بۆ بەرگریکردن لە مافە دەستوورییەکانی سەرجەم هاووڵاتییانی عێراق و لە نێویشیاندا مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان، هاوكات بۆ چەسپاندنی پایەکانی هاوبەشیی ڕاستەقینە لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا
لێرەوە بە ڕای گشتی ڕادەگەیەنین، دوای دروستبوونی لێکتێگەیشتنی ئەرێنی لەنێوان هێزە سیاسییەکاندا، بەتایبەتی دوای سەردانی سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەت و شاندی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ هەرێمی کوردستان و گفتوگۆکانیان لەگەڵ سەرکردایەتیی سیاسیی پارتیمان، و لە درێژەی ئەم هەوڵانەشدا سەردانی شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەغدا لەپێناو گەیشتن بە چارەسەری ڕیشەیی؛ فراکسیۆنەکەمان بڕیاری دا بگەڕێتەوە بۆ سەر کار و چالاکییە پەرلەمانییەکانی خۆی لە ئەنجومەنی نوێنەران.
ئەم گەڕانەوەیەمان لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیی یاسایی و نیشتمانییەوە دێت، تاوەکو لە نێو هۆڵی پەرلەمانەوە لە نزیکەوە چاودێری جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنانە بکەین کە تایبەتن بە دابینکردنی مافە دەستووری، یاسایی و داراییەکان. هاوكات دووپاتی دەکەینەوە کە هەمیشە لە سەنگەری پێشەوەی داکۆکیکردندا دەبین بۆ چەسپاندن و بەدیهێنانی تەواوی مافە ڕەواکانی سەرجەم هاووڵاتییانی عێراق و لە نێوانیشیاندا مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان