
ڕێژەی سەوزایی لە هەرێمی کوردستان گەیشتە نزیکەی 20٪
گوتەبێژی دەستەی ژینگە ڕایدەگەیەنێت، ڕێژەی سەوزایی لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە نزیکەی 20٪ و، حکومەت بە پڕۆژەیەک پاشماوەکان دەگۆڕێت بۆ وزە و داهات بۆ هەرێمی کوردستان.
سەنعان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان، لە ڕۆژی جیهانیی ژینگە ڕایگەیاند؛” هەرێمی کوردستان هاوشێوەی وڵاتانی جیهان رووبەڕووی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بووەتەوە، بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان پلان و نەخشەڕێگەی زانستی بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان گرتووەتەبەر.
ناوبراو سەبارەت بە پاکبوونی هەوای شارەکان، تیشکی خستە سەر پڕۆژەی ڕووناکی گوتی “ئەم پڕۆژەیە ڕۆڵێکی گەورەی هەبووە لە کوژاندنەوەی مۆلیدە ئەهلییەکان، کە یەکێک بوون لە سەرچاوە سەرەکییەکانی پیسبوونی ژینگە”.
گوتەبێژی دەستەی ژینگە ئاشکرای کرد، کە رێژەی سەوزایی لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە نزیکەی 20٪.
ئاماژەی بەوەش کرد ؛” پڕۆژەی “پشتێنەی سەوزی هەولێر” پڕۆژەیەکی ستراتیژییە و هاوشێوەی وڵاتانی پێشکەوتووە؛ ئەم پڕۆژەیە نەک تەنیا پلەی گەرمی شار نزم دەکاتەوە، بەڵکو دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و دروستکردنی ناوەندێکی گەشتیاری و ئابووری بۆ ناوچەکە.
لە کۆتایشدا گوتی:” ڕۆژانە لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 7 بۆ 8 هەزار تۆن پاشماوە کۆدەکرێتەوە، کە تێچووی هەر تۆنێک بۆ حکومەت نزیکەی 50 هەزار دینارە. بۆ چارەسەری ئەمەش، حکومەت پلانی هەیە بۆ دروستکردنی کارگەی “مروژاندنەوە” (دووبارە بەکارهێنانەوە – Recycling)، تاوەکو پاشماوەکان بگۆڕدرێن بۆ وزە و داهات بۆ هەرێمی کوردستان،