چەند نهێنیەك لەسەر سەردانی وەڤدی پارتی بۆ سلێمانی ئاشكرا دەبێت
خواكوڕك
ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، شاندی باڵای پارتی بەسەركردایەتی نێچیرڤان بارزانی سەردانی سلێمانیان كردووە، سەرەتا سەردانی ماڵی جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی یەکێتی کردووە و بڕیارە دوای کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بنەماڵەی تاڵەبانی، لەگەڵ ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەبارەی چەند پرسێکی گرنگی وەک “ڕیفراندۆم و کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان” کۆببێتەوە”.
د. ئاراس حەسۆ میرخان، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی راشی گەیاندووە، بڕیار دراوە لە قۆناغی داهاتوودا پارتی دیموکراتیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، راستەوخۆ گفتوگۆ بکەن. گوتیشی: “پێشتر فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی ئەوەی ڕاگەیاند کە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ گۆڕان ئاسایی دەکەینەوە، بۆیە هەوڵەکان لەو چوارچێوەیە دەبن”.
پێشتر ڕاوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان( عارف روشدی) رایگەیاند، ناكرێت گرفتی سیاسیی بچووك ببێتە لەمپەر لە بەردەم پرۆسەی ریفراندۆمدا، دۆخی كوردستان ئەوە دەخوازێت كە پارتی و یەكێتی هاوكار و هەماهەنگی یەكدی بن، چونكە هەر كاتێك ئەو دوو هێزە لە یەكدی نزیك ببنەوە، كێشەكان چارە دەبن”.
هەروەها روشدی گوتیشی”دۆخی كوردستان ئەوە دەخوازێت كە لایەنەكان جیددی بن، پارتی بە جیددی هاتووەتە پێشەوە و لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا زۆر بە جیددی لەسەر ئەو پرسانە قسەیان كردووە، دەبێ لایەنەكانی دیكەیش هەمان ئەو هەستەیان هەبێت، چونكە گەلی كوردستان لە بڕیاری چارەنووسی خۆی نزیك بووەتەوە، بۆیە دەبێ بەو جیددییەتەی پارتی هەیەتی، لایەنەكانی دیكەیش بێنە پێشەوە، ناكرێت گرفتی سیاسیی بچووك ببێتە لەمپەر لە بەردەم پرۆسەی ڕیفراندۆمدا، چونكە ڕیفراندۆم هیچ مەرجێك قبووڵ ناكات”.