كتێبی داستانی مەم و زینی ئەحمەدی خانێ‌ دۆزرایەوە

خواكوڕك
داستانی مەم و زین كە لە لایەن شاعیری گەورەی كورد ئەحمەدی خانی نوسراوەتەوە یەكێكە لە شاكارە هەرە ناوازەكانی ئەم شاعیرە كە وەر گێڕدراوە سەر چەندین زمان, كۆپیەك لە كتێبی مەم و زین كە وەر گێڕدراوەتە سەر زمانی سریانی لە لایەن مامۆستایەكی زانكۆی سەڵاحەدین، دۆزراوەتەوە و هەڵگیراوە، كە ئەوەش گرنگی ئەدەبیاتی كورد كلاسیكی و دەوڵەمەندی زمانەكە دەخاتەڕوو.

لە ڕاپۆرتێكی ماڵپەری (مەدارات كوردستان) هاتووە، كە كۆپییەكەی داستانی (مەم وزین) بە زمانی سریانی لەلایەن (دڵشاد هیوا) مامۆستای زمانی فارسی لە زانكۆی سەڵاحەدین هەڵگیراوە و مێژووەكەی بۆ سەدەی نۆزەدەهەم دەگەڕێتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەكە، بەشێك لە سەرەتا و بەشێكیش لەكۆتایی داستانەكە، دیار نەماوە و قرتاوە، كە سەرەتا لە بەیتی ژمارە 189وە دەست پێدەكات و كۆتاییەكەشی بە بەیتی ژمارە 1712 دێت.

ئامادەكاری ڕاپۆرتەكە باس لەوە دەكات، كە داستانەكە بە پێچەوانەی دەستنووسە كۆنەكانی دیكە، بە بێ ئەوەی بزانرێت كێ كۆپی كردووە یان مێژووەكەی بۆ كەی دەگەڕێتەوە، كۆتایی پێدێت.

بەڵگەشی بۆ ئەوەی كە دەستنووسەكە لەو بەیتەدا كۆتایی پێدێت، مۆری كتێبخانەی بەرلینە كە لە ناوەڕاستی لاپەڕەكەدا هەیە، بەڵام ئەوەی لەو دەستنووسە “مەموزینی”یە، بووەتە جێگەی تێڕامان، ئەوەیە، كە ئایا دەقە سریانییەكە دەقی داستانی “مەم و زین”ی كوردییە بە پیتی سریانی، یان وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی كوردی؟.

هەروەها ئامادەكاری ڕاپۆرتەكە دەپرسێت، ئایا ئەو كەسەی دەقەكەی بۆ زمانی عەرەبی وەرگێڕاوە، هەمان ئەو كەسەیە بۆ زمانی سریانی وەریگێڕاوە، یان ئەوەیە كەسێك سەرەتا بۆ زمانی سریانی وەریگێڕاوە و پاشان كەسێكی دیكە وەریگێڕاوەتە سەر زمانی عەرەبی، یان بەپێچەوانەوە؟.

هەروەها دەشپرسێت، پاڵنەر چی بووە لەو سەردەمەدا، دەقێكی كوردی كلاسیكی وەربگێڕدرێتە سەر زمانی سریانی، لە كاتێكدا كورد خۆی بەم دوواییانە گرنگی ئەو داستانەیان زانیوە.

بەپێی بۆچوونی ئامادەكاری ڕاپۆرتەكە، توێژەری ئەڵمانی “ئیدوارد سخاو” ڕۆڵی لەو بابەتەدا هەبووە، بەڵگەشی بۆ ئەوە، تەنها بوونی ناوی ئەو توێژەرە نییە لەسەر دەستنووسەكە كە لەتەنیشتییەوە ژمارە 344 هەیە، بەڵكو ئەوە دەزانرێت سخاو (1845 – 1930) زمانی عەرەبی زۆر بە باشی زانیوە، هەروەها شارەزایی باشیشی لە زمانی سریانی هەبووە، ئەمە جگە لە دیالیكتیكەكانی دیكەی ئارامی.

ئەوەی بووەتە جێی تێبینی، ئەوەیە، دقە عەرەبییەكە، بەشێوەیەكی خراپ وەرگێڕدراوە، شێوازی نووسینەكە لە شێوەزاری ئاخافتنی ئاسایی عەرەبی دەچێت، كە پێدەچێت ڕاستەوخۆ لە زمانی كوردییەوە وەرگێڕدرابێتە سەر زمانی عەرەبی، یان ئەوەیە وەرگێڕەكە كەمێك زمانی كوردی زانیوە، بەڵام بە باشی لە ناخی مەم و زین تێنەگەیشتووە.

ئاماژە بەوەش دەدات، كە ئایا كۆپییە سریانییەكەش بەهەمان شێوە ڕاستەوخۆ لە زمانی كوردییەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی سریانی، یان ئەوەیە لە عەرەبییەكەوە وەرگیراوە؟ كە ئەوەش دەبێت كەسێكی شارەزای زمانی سریانی یەكلایی بكاتەوە.

Back to top button