بەرپرسێكی بزووتنەوەی گۆڕان دەستی لەكار كێشایەوە

دوای ئەوەی پێشوتر لە نێو بزووتنەوەی گۆڕان زنجیرەیەك دەست لە كار كێشانەوە لە سەر ئاستی باڵای بزووتنەوەكەو ئەندامان و كادرانی ئەو حزبە روویدا, لە دوو رۆژی رابردوو بەرپرسێكی دیكەی نێو بزووتنەوە گۆڕان دەستلەكاركێشانەوەی خۆی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە كرد كە بزووتنەوەی گۆڕان وەك هەموو حزبەكانی تر تەنیا لە بەرژەوەندی سەرمایەداران كار دەكات.

عومەر سەعید محەمەد سكرتێری ڕایەڵەی كرێكاران لە بزووتنەوەی گۆڕان لە فەیسبووكی خۆی بڵاوی كردەوە كە بە هەموو لایەكی ڕادەگەیەنێت كە لەمڕۆوە هیچ پێوەندییەكی بە بزووتنەوەی گۆڕانەوە نەماوە.

عومەر سەعید محەمەد دەڵێ، لە پۆستی سكرتێری ڕایەڵەی كرێكاران و بزووتنەوەی گۆڕان دەستلەكاركێشانەوەم ڕادەگەیەنم، چونكە ئەو ڕاستییەم بۆ دەركەوت كە بزووتنەوەی گۆڕانیش وەك هەموو حزبەكانی تر تەنیا لە بەرژەوەندی سەرمایەداران كار دەكات و هیچ باوەڕیان بە دۆزی كرێكاران نییە.

ئاماژەی بەوەش كردووە كە ئیتر وەك كرێكار و سەربەخۆ كار دەكات و ئینتیمای بۆ هیچ حزب ولایەنێك نابێت.

دەستلەكاركێشانەوەی ئەو بەرپرسەی گۆڕان لەكاتێكدایە كە ئەمڕۆ هەواڵی ئەوە بڵاو كرایەوە كە تەواوی گردی زەرگەتە و موڵكەكانی بزووتنەوەی گۆڕان بەناوی “چیا و نما” كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری كۆچكردووی گۆڕان كراوە و ئەوەش ناڕەزایی بەدوای خۆیدا هێنا.

 

بزووتنەوەی گۆڕان

Back to top button