دیپلۆماتكارێكی ئیسرائیلی: ئیسرائیل لەگەڵ ئەوەیە كورد دەوڵەتی سەربەخۆی هەبێت تەنها چارەسەری كێشەی كورد دەوڵەتە
لەگەڵ ئەوەی زۆركات بە شێوەی راستەوخۆو نا راستەوخۆ ئیسرائیل پشتگیری خۆیان بۆ سەربەخۆی و دەولەتی كوردستان راگەیاندووە لە دواهەمین هەڵوێستیدا دیپلۆماتكاری ئیسرائیلی، ئاماژە بەوە دەدات، كە ئیسرائیل لەگەڵ ئەوەیە كورد، كە نەتەوەیەكی 40 ملیۆن كەسییە، دەوڵەتی سەربەخۆی هەبێت.
دۆری گۆلد، دیپلۆماتكاری ئیسرائیلی، لە میانی سیمینارێكدا لە چوارچێوەی كۆڕبەندی ڤاڵدای بۆ گفتوگۆی نێودەوڵەتی كە لە مۆسكۆ بەڕێوە دەچێت، رای گەیاند: “ئیسرائیل دەیەوێ چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشەی كورد بزانێت، كە ٤٠ ملیۆن كەسن و بە سەر ناوچەكە دابەش كراون”.
ئەو دیپلۆماتكارە ئیسڕائیلییە، جەختی لەوە كردەوە، كە تائێستاش ئەو وڵاتانەی كوردییان بەسەردا دابەش كراوە، هەڵە بەرامبەر بە كورد دەكەن”.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: “نەتانیاهو دەڵێت، پێویستە كورد دەوڵەتێكی سەربەخۆی خۆی هەبێت، بۆیە نیگەرانین لەو رەوشەی بەرامبەر بە كورد لە ناوچەكە دەگوزەرێت”.