سەرۆكی ئەنجوومەنی ئاسایشی: داوای گفتۆگۆی نێوان كوردستان و بەغدا دەكات
دوای ئەوەی حكومەتی عێراق هێڕشی سەربازی كردە سەر هەرێمی كوردستان و ئابلۆقەی ئابوری خستە سەر دواجار پەیوەندیەكانی خۆی لەگەلچ هەرێم هەلپەسارد, ئەگەرچی چەندین جار سەرۆك وەزیرانی هەردوو لا كۆبوونەوەتەوە بەڵام عێراق ئامادەی جێبەجێكردنی بەڵێنەكان نیە, دواجار ئەنجومەنی ئاسایش داوای گفتوگۆی نێوان هەولێرو بەغدا دەكات بە پێی دەستور
مەنسور عوتەیبی، سەرۆكی ئەم خوولەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی راگەیاند “هەموو ئەندامانی ئەنجوومەنەكە هانی ئەوە دەدەن كە گفتوگۆ لەنێوان كوردستان و بەغدا بەردەوام بێت بۆ ئەوەی كێشەكانیان بەگوێرەی دەستووری عێراق چارەسەر بكەن”.
هەروەها یان كۆبیش، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری عێراق دەڵێت، دانوستاندنەكانی بەغدا و هەولێر لەسەر چەند پرسێك لە قۆناخەكانی كۆتاییدایە. دەشڵێت، گرنگە و پێویستە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بدرێت و فڕۆكەخانەكانیش بۆ گەشتی نێودەوڵەتی بكرێنەوە.
لە دانیشتنەكەدا باڵیۆزی عێراق رەخنەی لە هەنگاوێكی یۆنامی گرت. محەممەد حوسێن بەحر ئەل-علوم، باڵیۆزی عێراق لە نەتەوە یەكگرتووەكان لە كۆبوونەوەكەدا گوتی “عێراق پشتگیری لە پێشنیازەكانی ئەو لیژنەیە ناكات دەربارە رۆڵی یۆنامی بەتایبەتی دەربارەی راوەستاندنی شەڕ، پەرەپێدانی دۆخی ئافرەتان، دەربارەی كەمایەتییەكان و پەیوەندییەكان لە نێوان حكومەتی ناوەندی و حكومەتی هەرێمی كوردستان، چونكە ئەوە دەستتێوەردانە لە كاری حكومەتی عێراق و دەسەڵاتە دەستوورییەكان و كاروباری ناوخۆی عێراق”.
ئەو لیژنەیەی باڵیۆزی عێراق رەخنەی لێدەگرێت لەلایەن سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە دانراوە، پێشنیازی ئەوە دەكات نەتەوە یەكگرتووەكان لە بابەتەكانی مافی مرۆڤ، رێگەگرتن لە شەڕ و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان بەغدا و هەولێر رۆڵێكی بەرچاوتر بگێڕێت.