هیوا ئه‌حمه‌د مسته‌فا : ده‌كرێت له‌سه‌ر بنه‌مای په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی كۆببینه‌وه‌و بگه‌ینه‌ ڕێكه‌وتن

هیوا ئه‌حمه‌د مسته‌فا، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایگه‌یاند:”دوای 27 ساڵ له‌ راپه‌ڕین، هێشتا عه‌قڵیه‌تی حوكمڕانی له‌ به‌غدا هیچ گۆڕانكارییه‌كی به‌سه‌ردا نه‌هاتووه‌ و ئێستا نه‌ك ته‌نیا كوشتن، به‌ڵكو برسیی كوژیشمان ده‌كه‌ن”.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان، راشیگه‌یاند:” له‌ سه‌رده‌می حوكمڕانی به‌عسدا، شه‌ڕ هه‌بوو، ئه‌نفال و كیمیایباران هه‌بوو، به‌ڵام نانیان ده‌دا، نان هه‌بوو. ئێستا هه‌م شه‌ڕت پێ ده‌فرۆشێت و هه‌م هێرشت ده‌كاته‌ سه‌ر، هه‌میش ده‌یه‌وێت له‌ برسان خه‌ڵك بكوژێت”.

گوتیشی :”ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ عێراق ده‌بینرێت، ئه‌وه‌یه‌، هیچ بڕوایان به‌ فره‌ حزبی و هاوبه‌شی نێوان گه‌لی كورد و عه‌ره‌ب نییه‌. ئه‌وان به‌ دوای خاڵه‌ لاوازه‌كانی كورددا ده‌گه‌ڕێن. ده‌یانه‌وێت ئیراده‌ی گه‌لی كوردستان بشكێنن. شه‌ڕی ئیراده‌یه‌. ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌یبینین، له‌گه‌ڵ سه‌رده‌می 27 ساڵ پێش ئێستا، ئه‌و یه‌كڕیزییه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ هه‌بوو، ئێستا نییه‌. به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌گه‌ر گه‌لی كوردستان، یه‌ك گوتاری سیاسی و یه‌ك هه‌ڵوێست بوایه‌، ده‌یتوانی زۆر شت بكات و به‌غداش نه‌یده‌توانی زۆر شت بكات”.

هه‌روه‌ها (هیوا ئه‌حمه‌د مسته‌فا) ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی پارتی ده‌شڵێت: “دوای نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری عێراق له‌ 2005 ئه‌وان په‌شیمانن. به‌ گوێره‌ی ده‌ستوور ئێمه‌ زۆر مافمان پارێزراوه‌. سه‌دا 81ی گه‌لی كوردستان و عێراق ده‌نگیان به‌ ده‌ستوور داوه‌. ئه‌وان ئێستا په‌شیمانن. واده‌زانن ئه‌و مافانه‌ی كورد به‌سه‌ریاندا تێپه‌ڕیوه‌. بۆیه‌ زۆر جار په‌رله‌مانتاره‌كانیان ده‌ڵێن پێویسته‌ ده‌ستوور هه‌موار بكرێته‌وه‌. به‌داخه‌وه‌ ئێستا ئێمه‌ له‌گه‌ڵ گه‌لێكدا ده‌ژین، كه‌ ئه‌وه‌ عه‌قڵیه‌تی. چه‌نده‌ دژایه‌تی گه‌لی كوردستان بكرێت، ئه‌وه‌نده‌ زیاتر سه‌ركرده‌كانیان ده‌نگ ده‌هێنن”.

جه‌ختیشی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ “پێویسته‌ لایه‌نه‌ كوردییه‌كان له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی كوردستان هه‌ندێك سازش بۆ یه‌ك بكه‌ن. ره‌وشی كوردستان و عێراق ره‌نگه‌ له‌ ده‌ستی هێزی ناوخۆیی نه‌مابێت، هه‌ردوو هێزی هه‌رێمایه‌تی و جیهانی پارسه‌نگی هێزیان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان گۆڕیوه‌. ده‌كرێت له‌سه‌ر بنه‌مای په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی، هه‌ریه‌ك له‌و لایه‌ن و قه‌وارانه‌ی بڕیاره‌ به‌شداری هه‌ڵبژاردن بكه‌ن، له‌وانه‌ پارتی، یه‌كێتی، گۆڕان، نه‌وه‌ی نوێ، هاوپه‌یمانی و ئه‌وانی دیكه‌ كۆببنه‌وه‌ و بگه‌نه‌ رێككه‌وتنێك ئاخۆ چی بكه‌ن له‌گه‌ڵ به‌غدا. ئایا هه‌موومان به‌شدار بین، به‌ هێزه‌وه‌، یان هه‌موومان بایكۆتی بكه‌ین”.

Back to top button