سەفین دزەیی: هیوادارین عەبادی بەڵێنەكانی لە بارەی مووچە و فڕۆكەخانەكانەوە بكاتە بڕیار
وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان هیواخوازە حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عیراق لێدوانەكانی لەبارەی كردنەوەی فڕۆكەخانەكان و ناردنی مووچە بەر لە نەورۆز بكاتە بڕیار و جێبەجێیان بكات.
لە میانی كردنەوەی پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.
سەفین دزەیی، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا، دەربارەی پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا وتی: “لە ئێستادا شاند لە نێوان هەولێر و بەغدا ئاڵوگۆڕ دەكرێت و دیالۆگ هەیە، لەسەر بناغەی ئەو دیالۆگە چاوەڕوان دەكرێت كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بكرێت”.
سەفین دزەیی وتیشی: “ژمارەیەك دۆسیە هەیە، بەڵام كاتی دەوێت بۆ چارەسەركردنییان، ئەوەی ئێستا لە پێشترینیانە بابەتی كردنەوەی فڕۆكەخانەكان و مووچەی فەرمانبەرانە و بڕیارە شاندێك بێت بۆ بابەتی فڕۆكەخانە و شاندەكە ئەمنیی و هونەرییە”.
سەبارەت بە سەردانی شاندەكە، سەفین دزەیی وتی: “هەندێك لایەن هەیە كە لە كۆنتڕۆڵی فڕۆكەوانی مەدەنییە و رەنگە هەبوونی هەندێك ستاف بێت و گرێدانی سیستەمێكی سەرتاسەری بێت لە عیراق”.
وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان وتیشی: “ئەگەر سەیری لێدوانەكانی ئەم دواییەی سەرۆك وەزیران عەبادی بكەین، زۆر بە راشكاوانە رایگەیاندووە كە پێش نەورۆز هەم فڕۆكەخانە دەكرێتەوە و هەم مووچە دەنێرین، هیوادارین تا نەورۆز قسەكان جێبەجی بكرێت و تا ئێستاش هیچ زانیارییەك بە ئێمە نەدراوە كە تەنها مووچەی دوو وەزارەت دەنێرن یان مووچەی سەرجەم فەرنبەران”.
وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا وتی: “پەیوەندییەكی 30 ساڵە لە نێوان هەرێم و توركیادا هەیە و پەیوەندییەكان لەسەر بنەمای سیاسیی و ئابوورییە لەبەر ئەوە رەنگە هەندێك جار ناخۆشی هەبێت، بەڵام ئەمە شتێكی ئاساییە و ئەوەی دەمێنێتەوە كە سەقامگیری و پەیوەندییەكی باش هەبێت لە بەرژەوەندی هەردوولاماندا”.
پێشتر حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عیراق لە كۆنگرەی هەفتانەی خۆیدا رایگەیاند: بەر لە هاتنی نەورۆز مووچەی فەرمانبەرانی تەندروستی و پەروەردە دەنێرن و فرۆكەخانەكانیش بە رووی گەشتە نێودەوڵەتییەكان دەكەنەوە.