دادگای تورکیا بڕیاری هێشتنه‌وه‌ی قه‌شه‌ ئەندرۆ برەنسن له‌ زیندان ده‌دات

دادگایەکی تورکیا بڕیاری دا ئەو قشە ئەمەریکایـیەی لە مانگی دەی ساڵی 2016 وە دەسـتگیرکراوە بە تۆمەتی لایەنگری فەتحوڵڵا گولەن و پارتی کرێکارانی کوردستانەوە، لە زینداندا بهێڵدرێتەوە.

قەشە ئەندرۆ برەنسن دوینێ دووشەممە 16ی4ی2018 لە بەندیخانەی عەلی ئەغای پارێزگای ئەزمیر برایە بەردەم دادگا و لەوێ دادوەر گوتی بەپـێی ئەو بەڵگانەی گەواهیدەران پـێشکەشیان کردووە و هەروەها ئەو مەترسیـیانەی هەن ئەندرۆ برەنسن هەڵبێت، بڕیار درا لە زینداندا بهێڵریتەوە و دانیشتنی دووەمی دادگایی‌کردنەکەی لە 7 ی مانگی پـێنج بەڕێوەبچێت.

نورینی هاوسەری قەشە ئەندرۆ لەگەڵ سیناتۆری ئەمەریکایی تام تیلیس و باڵیۆزی تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئازادی بیروباوەڕ لە جیهاندا سام براون‌باگ، ئامادەی دانیشتنەکەی دادگا بوون.

قەشە ئەندرۆ کە تەمەنی لە پەنجاکاندایە، لە ساڵی 1993 وە لە تورکیایە و لەوێ لەگەڵ نورینی هاوسەری کڵێسایەکیان لە شاری ئەزمیر بەڕێوەدەبرد، بەڵام لە پاش هەوڵی کودەتاکەی ساڵی 2016 لە لایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە دەسـتگیرکرا.

قەشە ئەندرۆ بە چاوی پـڕ لە فرمێسکەوە سڵاوی لە هاوسەرەکەی کرد و بە زمانی ئینگلیزی پـێی گوتبوو” خەریکە شێت دەبم. خۆشم دەوێیت.”

پاشان بە زمانی تورکی بە دادگاکەی گوت” من هیچ شتێکم لە دژی تورکیا نەکردووە، بەڵکو بە پـێچەوانەوە تورکیام خۆش دەوێت و 25 ساڵە نوێژ و نزای بۆ دەکەم.”

مانگی نۆی ساڵی 2017 ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا گوتی وڵاتەکەی ڕەنگە قەشە ئەندرۆ ئازادبکات ئەگەربێت و واشنتن گولەنیان ڕادەستبکات.

سیناتۆر تام تیلیس لەم بارەیەوە بە ڕۆژنامەوانانی گوت واشنتن هیچ سەودا و ڕێکەوتنێک لەگەڵ ئەنکەرە ناکات بۆ ئازادکردنی قەشە ئەندرۆ. جەختی کردەوە هاتنیان بۆ تورکیا تەنیا بۆ ئاگاداربوونە لە پـرۆسەی دادگایی‌کردنەکە لە نزیکەوە.

Back to top button