كاكه‌ حمه‌:گۆڕان و كۆمه‌ڵ و حزبه‌كانی به‌رهه‌م ساڵح و شاسوار ده‌چوونه‌ به‌غدا ده‌یانگوت هێرش بكه‌ سه‌ر كوردستان و پاره‌ مه‌نێره‌

له‌ دیمانه‌یه‌كی دا له‌گه‌ڵ رادیۆی ده‌نگی ئه‌مریكا به‌شی كورد، محه‌مه‌دی حاجی مه‌حموود ناسراو به‌ ( كاكه‌ حمه‌) باس له‌ هه‌ڵبژاردنی عێراق ده‌كات و له‌باره‌ی به‌شداری كردنی كورد له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ده‌لێـ”پێم باش بوو بەم شێوازی هەڵبژاردنە کورد بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی عێراق نەکات، چونکە ئەوە زیانێکی زۆر لە ڕێژەی دەنگەکانی کورد دەدات، جگە لەوەی کورد بەم فرە لیستیە بەشداری دەکات کە هەندێک لەو حیزبانە لە پێشووتر بە عێراقیان وت پارە مەنێرە بۆ کوردستان و هێرش بکەرە سەر کوردستان.”

محه‌مه‌دی حاجی مه‌حموود سكرتێری حزبی سوسیالیست دیموكراتی كوردستان هه‌ر له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی عێراق ده‌شلێـ”من وەک خۆم پێم باش بوو کورد بەشداری هەڵبژاردنەکان بکات ئەگەر شێوازی هەڵبژاردنەکان یەک بازنەیی هەڵبژاردن نەبێت چونکە ئەوکات کورد ڕێژەی کوردسیەکانی ڕەنگە بگەیشتایە هەشتا کورسی و زیاتر، هەرچەندە ئێستا ئەگەر کورد سەد و شەست کورسیشی هەبێت ناتوانێت لەو(٣٢٩) کورسیەکە هیچ بڕیارێک لە بەغداد بدات، هه‌روه‌ها ده‌شلێـ”خۆی کورد کۆمەڵێک شتی بەسەردا تێپەڕیوە کەدەبوو پێشتر کەمینە و زۆرینەمان قبوڵ نەکردایە، جگە لەوەش تا ئێستا ئەنجومەنی فیدراڵی لە عێراق دانەمەزراوە، کە ئەوانەشمان پێ نەکرا دەبوو کورد بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردنەکانی بکردایە، لە ڕاستیدا جگە لەوە یاسای هەڵبژاردنەکان ئەگەر فرە بازنە نەبوایە وەک وتم کورد دەیتوانی زیاتر لە ٨٠ کورسی بەدەست بهێنێت ، بەڵام ئێستا لەم فرە بازنەییەدا هەموو کورسیەکانی کورد(٤٣) کورسیە جا چل و سێ کەس بچێت بۆ دەنگدان یا شەش ملیۆن کەس بچێت بۆ دەنگدان هەر ئەو ٤٣ کورسیەیە زیاد ناکات، بەس ناوچە جێناکۆکەکان ماوە کورد چاوی لەسەر کورسیەکان بێت، بەداخەوە کورد لەو ناوچانە زۆر موئەدەبانە قسە دەکات دژی عێراق و لیستە عەرەبیەکان قسەناکەن بەڵام لە کوردستان هەموویان کوتەکێکیان داوە بەشانیاندا بەرامبەر یەکتر هەمووی شەڕ لەسەر ئەو (٤٣)کورسیە دەکەن.”

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ پێشتر شۆڕش حاجی ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان لە گفتوگۆیەکدا له‌گه‌ڵ هه‌مان میدیا لە بارەی هۆکاری بەشداری نەکردنی کورد لە هەڵبژاردنەکانی عێراق بەیەک لیست هەریەکە لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستانی تۆمەتبارکردبوو بە تێکدانی شیرازەی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە کوردستان کە ئەمەش وایکردووە کوردەکانی عێراق نەتوانن بەیەک لیستی بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەن، بەڵام محەمەدی حاجی مەحمود ڕای جیاوازی هەیە ده‌لێـ”ئەوە پاساو نیە کە یەکڕیزی نێوماڵی کورد نەپارێزین، من پێم وانیە هۆکارەکە پارتی و یەکێتی بن بە تەنها، بەڵکو هۆکارەکە ئەوەیە کە حقدەکە گەیشتۆتە ڕادەیەک کە ئامادەیە عێراق قبوڵ بکات بەڵام ئامادەنیە حیزبە کوردیەکەی بەرامبەری قبوڵ بکات، ئەوە پەیوەندی بەوەوە نیە پارتی و یەکێتی چییان کردبێت ئەو حیزبانە دەچن لە بەغداد بە حکومەتی عێراق دەڵێن پارە مەنێرە بۆ کوردستان دەچن بە حکومەتی عیراق دەڵێن هێرش بکەرە سەر کوردستان، واتە ئەو حیزبانە ئێستا ڕۆڵێکی خراپ دەگێڕن لە بەغداد، باشە ئەگەر ئەو لایەنانە ئەوەندە دڵسۆزن بۆ ئەو ناوچە دابڕێنراوە کوردستانیانە بۆچی لە ماوەی شەڕی داعشدا سەدان پێشمەرگەی پارتی و یەکێتی و سۆسیالیست شەهید بوون بۆ یەک ڕۆژ نەهاتن بەرگری بکەن لەو ناوچانه؟”

 
محەمەدی حاجی مەحمود بە دوری دەزانێت لیستی سێ لایەنە کوردیەکە(بزوتنەوەی گۆڕان – کۆمەڵی ئیسلامی- هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری)کاریگەری لەسەر لیستە کوردییەکانی دیکە هەبێت و دەڵێت”من پێم وانیە ڕێژەی دەنگەکان لە ناوچە جێناکۆکەکان بۆ لایەنەکان زۆر بگۆڕێن چونکە ئەو حیزبانە لایەنگر و دەنگدەری خۆیان هەیە، بەڵکو پێم وایە دەنگەکان لە سلێمانی زیاتر ئەمبەراوبەر بکەن لە ناوچە دابڕێنراوەکان ڕەنگە بە هەموو لیست و حیزبە کوردییەکان دەنگی پێشوو نەهێننەوە وە بە گشتی کورد لە(٥٧)کورسی لەسەر ئاستی عێراق تێناپەڕێت، لە ناوخۆی کوردستانیش لیستی دکتۆر بەرهەم کاریگەری لەسەر دەنگی یەکێتی و ئیسلامیەکان بێت وە لیستەکەی کاک شاسواریش کاریگەری لەسەر بزوتنەوەی گۆڕان دەبێت ئەگەر گۆڕان و یەکێتی نیوەی کورسیەکان لە سلێمانی بهێێنەوە باشە .”
Back to top button