فوئاد مه‌عسوم چاوی به‌سه‌رۆك كۆماری ناكه‌وێته‌وه‌

دوای نزیك بوونه‌وه‌ی واده‌ی هه‌ڵبژاردنی خولێكی دیكه‌ی حكومه‌تی عێراق, پۆستی سه‌رۆك كۆمار كه‌ له‌ سێ‌ خوڵی رابردووی حكومه‌ت پشكی كورد بووه‌ ئه‌گه‌ر چی تا ئێستا حزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی كوردستان هیچ رێككه‌وتنێكیان له‌سه‌ر نه‌كردووه‌ ئاخۆ به‌ كام حزب ده‌درێت, به‌ڵام یه‌كێتی ده‌لێت ئه‌گه‌ر بۆ یه‌كێتی بوو فوئاد مه‌عسوم به‌ربژێری ئه‌و پۆسته‌ نیه‌ جارێكی دیكه‌

ماڵپەڕی (ئەلمەوقیف ئەلعێراقی) هەواڵێكی لە زاری بەرپرسێكی یەكێتییەوە بڵاوكردووەتەوە و ئاماژەی داوە كە لەناو یەكێتیدا كۆدەنگییەك لەسەر كاندید نەكردنەوەی فوئاد مەعسوم هەیە.

سەرچاوەكە رایگەیاندووە كە یەكێتی گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی فوئاد مەعسوم هیچ بەخششێكی نەبووە كە وا لە یەكێتی بكات دووبارە كاندیدی بكاتەوە، بەتایبەتی كە سەركۆمار نەیتوانی لە هیچ هەنگاوێكدا لە ماوەی ویلایەتەكەیدا بەرگری لە مافەكانی گەلی كوردستان بكات.

بەپێی سەرچاوەكە، ئەم كۆدەنگییەكە لەلایەن هەردوو باڵی ماڵی مام جەلال و كۆسرەت رەسوڵ عەلی پشتیوانی لێدەكرێ، بەڵام تا ئێستەش یەكێتی كاندیدێكی تری دیاری نەكردووە، لە ئەگەری دووبارە بەدەستهێنانەوەی پۆستەكە لەلایەن كورد و دواتر وەرگرتنی لەلایەن یەكێتییەوە.

جێی باسە لە چەند رۆژی رابردوودا نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی رایگەیاند كە مەرج نیە لە دوای هەڵبژاردنی ئەم جارەدا پۆستی سەركۆمار بە یەكێتی بدرێتەوە، بەتایبەتی كە دۆخەكە گۆڕانی بەسەردا هاتووە.

Back to top button