عیرفان عبدالعزیز:لهگهڵ یهكگرتوی ئیسلامی بڕیاری مەبدەئیمان داوە
بزووتنەوەو یەكگرتووی ئیسلامی كە یەك لیستیان هەیە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، سوورن لەسەر كۆكردنەوەی سەرجەم ئیسلامییەكان لە بەرەیەكدا، بۆئەوەش لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامیو سۆفیو سەلەفیو ڕێكخراوە ئیسلامیەكانی دیكە گفتوگۆیان كردووە، هیوایان بە ئەنجامی گفتوگۆكانیان هەیە لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا.
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز، ڕابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان، ڕایگهیاند:”ئێمە هەوڵی زۆرماندا كە هەموو حاڵەتە ئیسلامییەكە بكەین بە یەك و بە یەك لیست دابەزین بۆ هەڵبژاردن، لەبەر ئەوەی تەوەقوعی خەڵك لە ئێمە وابوو كە چەند هێزێكی سیاسی ئیسلامین پێكەوە بەشداری هەڵبژاردن بكەین، لەگەڵ برایانی یەكگرتوو هەر لە سەرەتاوە ڕامان وابوو كە یەك لیستی شتێكی باشە و لەگەڵ براكانی تریش هەوڵماندا، بەڵام نەهاتن.”
ڕابهری گشتی بزوتنهوهی ئیسلامی كوردستان ڕاشیگهیاند:”هەردوولامان لە یەكگرتووی ئیسلامی و بزووتنەوەی ئیسلامی بڕیاری مەبدەئیمان داوە كە تا كۆتایی ئینشائەڵڵا پێكەوە دەبین مەگەر شتێكی لەناكاو ڕووبدات،تەیارێكی تری بەرفراوان هەیە لەوانەی لە ماڵی خۆیان دانیشتون یان ڕێكخراوەكان، هەروەها لەگەڵ سۆفی و سەلەفییەكان، لەگەڵ هەمووان قسەمان كردووە و پشت بەخوا لە ئایندەدا ئەو قسانە ئەنجامی دەبێت. ڕەنگە بۆ ئەم لیستە هەندێك تەحەفوزێكیان هەبێت، بەڵام بۆ دوای ئەم هەڵبژاردنە ناوی لیستەكە دەگۆڕین و ئەو خەڵكەش وا لێدەكەین كە حەساسیەتێكی بە ناوەكەش نەبێت.”
بزوتنەوەی ئیسلامی لە هەڵبژاردنی 2014ی پەرلەمانی عێراق لە هیچ پارێزگایەك دەنگی پێویستی نەهێنا تاوەكو پەرلەمانتارێكی بنێرێتە بەغداد، ئەو حزبە لە پەرلەمانی كوردستانیش خاوەنی یەك كورسییەو هەرلەسەرەتای ئەم خولەوە بووەبە ئۆپۆزسیۆن.
هەریەكە لە كۆمەڵو یەكگرتووی ئیسلامی نوێنەریان لە پەرلەمانی عێراق هەیە، كۆمەڵ 3 كورسیو یەكگرتوو خاوەنی 4 كورسییە، لە پەرلەمانی كوردستانیش، كۆمەڵ خاوەنی 6 كورسیو یەكگرتوو خاوەنی 10 كورسییە.
لە هەرێمی كوردستان 503 كاندید لە چوارچێوەی 25 قەوارەدا كێبڕكێ دەكەن بۆ 46 كورسی پەرلەمانی عێراق كە بەمجۆرە دابەشبوون بەسەر پارێزگاكاندا؛ سلێمانی 18 كورسی، هەولێر 16و دهۆك 12 كورسی