گۆران به‌یه‌كجاری سروه‌ عه‌بدول واحید ده‌رده‌كات

دوای کۆبوونەوەکەی خۆی و براکەی لەگەڵ سەرۆکی هاوپەیمانیی سائیرون، بزووتنەوەی گۆڕان خۆی لە سروە عەبدولواحید بێبەری دەکات و پەرلەمانتارێکی بزووتنەوەکەش ئاشکرای دەکات کە ئەو ژنە پەرلەمانتارە پەیوەندی بە گۆڕانەوە نەماوە.

دوای ئەوەی سێشەممەی ڕابردوو ٢٢ـی٥ـی٢٠١٨، شاسوار و سروە عەبدولواحید بەناوی جووڵانەوەی نەوەی نوێ، سەردانی موقتەدا سەدریان کرد و کۆبوونەوە. لەنێو گۆڕاندا دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە سروە عەبدولواحید پەیوەندی بەو بزووتنەوەیەوە نەماوە.

عادل عەزیز، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان ڕایگەیاند: ” سروه‌ عبدالواحید وەک نوێنەری گۆڕان نه‌رۆیشتووه‌ و ئەو ھەر لە گۆڕانیش نەماوە، دیارە وەک خێزان سەردانەکەیان لەگەڵ براکەیدا کردووە، بۆیە من نازانم چ وەڵامێک بدەمەوە، چونکە ھێشتا جڤاتی نیشتمانی کۆ نەبووەتەوە تا بڕیار لەبارەی ئەو پرسەوە بدات و نوێنەری بچێتە بەغدا و کۆبوونەوە ئەنجام بدات”.

وابڕیاربوو ئه‌مڕۆ پێنجشەممە24ی5ی2018 جڤاتی گشتیی گۆڕان کۆ ببێتەوە و بڕیاری سڕکردنی سروە عەبدولواحید دەربکات و بڕیارەکە بنێرێت بۆ جڤاتی نیشتمانی بۆپەسەندکردنی، کە رۆژی شەممە 26ی5ی2018 جارێكی تر کۆببنه‌وه‌.

جەبار مەلا ئەمین، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان ڕایگەیاند:”سروە عەبدولواحید ھیچ پەیوەستبوونێکی بە گۆڕانەوە نەماوە و کاتێکیش لەگەڵ براکەی لەگەڵ موقتەدا سەدری سەرۆکی ھاوپەیمانیی سائیرون کۆبووەتەوە، ”ھیچ ڕاوێژێکی بە گۆڕان نەکردووە و بەبێ پرس کۆبوونەوەکەی کردووە“.

هه‌روه‌ها جەبار مەلا ئەمین راشیگەیاند:”سروە عەبدولواحید چەندین جار کاری سەربەخۆی کردووە، کە پێچەوانەی پەیڕەو و پرۆگرامی گۆڕانە، بۆیە لە سەرۆکایەتیی فراکسیۆن دەرکراوە و رۆژی شەممەش بڕیاری دەرکردن یان سڕکردنی دەدرێت.

Back to top button