نوێنه‌ری ئێزدیه‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان داوای كورسی كۆتا ده‌كات بۆ ئێزیدیه‌كان

 

له‌گه‌ڵ نزیك بوونه‌وه‌ی واده‌ی سازدانی هه‌لبژاردن له‌ هه‌رێمی كوردستان نوێنه‌ری كوردانی ئێزدی له‌په‌رله‌مانی كوردستان پڕۆژه‌یاسایه‌كی پێشكه‌ش به ‌په‌رله‌مانی كوردستان كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هاوشێوه‌ی مه‌سیحی و توركمانه‌كان كورسیی كۆتایان هه‌بێت و ئێستا سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان ڕه‌زامه‌ندیی له‌سه‌ر داوه‌ و ته‌نیا ماوه‌ خوێندنه‌وه‌ی بۆ بكرێت، ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی یاساییش ده‌ڵێ، به‌ دوو ڕێگا ده‌کرێ كورسیی كۆتایان بۆ دابین بكرێت و مافێكی ڕه‌وای خۆیشیانه‌ كورسیی كۆتایان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان هه‌بێت.
شێخ شامۆ ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان و نوینه‌ری كوردانی ئێزدی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ڕایگه‌یاند: “تاوه‌كو له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا لیستی داخراو هەبوو، ئێمه‌ كێشه‌مان نه‌بوو، یه‌كێتی و پارتیش له‌ په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دهۆك ڕه‌چاوی ئێزدییه‌كانیان ده‌كرد. ئێستا لەچاو ئه‌وكاته‌ی من چوومه‌ په‌رله‌مان به‌زه‌حمه‌ت كه‌وتووه‌ و ده‌نگی كوردانی ئێزدی له‌ سنووری پارێزگای دهۆك بەشی كورسییه‌كی په‌رله‌مان ناكەن.”

شێخ شامۆ گوتی: “ئێمه‌ هه‌موو جارێک به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ین و به‌ هۆی كه‌میی ده‌نگەوە ناتوانین كورسی به‌ده‌ست بێنین، بۆیه‌ منیش پڕۆژه‌یه‌كم ئاماده ‌كردووه‌ و زۆرێك له ‌په‌رله‌مانتارانی فراكسیۆنی زه‌رد ئیمزایان له‌سه‌ر پڕۆژه‌كه ‌كردووه‌ و دراوه‌ته‌ سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان و جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانیش ئیمزای له‌سه‌ر كردووه‌، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا له‌ لایه‌ن فراكسیۆنه‌كانی دیكەوە‌ وه‌ڵام نییه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌رشتێك بۆ ئێزدییه‌كان به‌ هی پارتی ده‌زانن، به‌ڵام هه‌وڵه‌كان به‌رده‌وامن بۆ ئه‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ ئه‌و پڕۆژه‌یاسایه‌ بكرێت و دواتریش په‌سه‌ند بكرێت و ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ش نه‌كرا داوامان كردووه‌ به‌ ته‌وافق چه‌ند كورسییه‌ك بۆ كوردانی ئێزدی دیاری بكرێت و تایبه‌تمه‌ندیی ئێمه‌ له‌ چوارچێوه‌ی نه‌تەوه‌ییدا بپارێزرێت.”

شامۆ باسی له‌وه‌ش كرد: “له‌و پڕۆژه‌یەی خۆماندا داوامان كردووه‌ وه‌كو پێكهاته‌كانی مه‌سیحی و توركمانه‌كان پێنج كورسی بۆ ئێزدییه‌كانیش دیاری بكرێت و ئه‌گه‌ر كه‌متریش بێت ئێمه‌ پێی ڕازی ده‌بین، چونكه‌ ئێمه‌ پێكهاته‌یه‌كی سه‌ره‌كین و ناكرێت پشتگوێ بخرێین و هیچمان له‌ پێكهاته‌كانی دیكه‌ كه‌متر نییه‌.”

شامۆ گوتیشی: “ئێمه‌ 10%ی دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستان پێك دێنین و ژماره‌ی ده‌نگده‌رانمان نزیكه‌ی 10 هه‌زار كه‌س ده‌بێت، بۆیه‌ ناكرێت بێبه‌ش بین له‌ كورسیی په‌رله‌مانی كوردستان.”

هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ شوان شێخ ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامی لیژنه‌ی یاساییی ‌په‌رله‌مانی كوردستانیش ڕایگه‌یاندووه‌: ”بۆ ئه‌وه‌ی كورسیی كۆتا بۆ ئێزدییه‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان دیاری بكرێت به‌ دوو ڕێگا ده‌بێت، یه‌كه‌م پڕۆژه‌یاسایه‌ك پێشكه‌ش بكرێت و دووه‌م یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌موار بكرێته‌وه‌ و ئێستاش پڕۆژه‌یاسایه‌ك له‌ په‌رله‌مان پێشكه‌ش كراوه‌ و مافی ڕه‌وای خۆیانه‌ ئه‌وانیش كورسیی كۆتایان هه‌بێت و ئێمه‌ش وه‌كو فراكسیۆنی زه‌رد پشتگیرییان ده‌كه‌ین و هه‌وڵ ده‌دەین ئه‌گه‌ر پێڕاگه‌یشتین له‌م خولەدا‌ كورسییان بۆ دیاری بكرێت.”

شوان شێخ ئه‌حمه‌د باسی له‌وه‌ش كرد: “جگه‌ له‌وه‌، هه‌وڵ ده‌درێت یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانیش هه‌موار بكرێته‌وه‌ و بزانین له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌گه‌ینه‌ ڕێككه‌وتن.”

Back to top button