دیاری حوسێن : له ڕومادییه‌وه بۆ كه‌ركوك عه‌ره‌ب هاورده ده‌كرێت
دوای ڕووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر و پاشه‌كشێی پێشمه‌رگه له كه‌ركووك و ده‌وروبه‌ری و داگیركردنی له لایه‌ن هێزه میلشیاییه‌كانی عێراقەوە، گرتن و ده‌ركردنی كوردی ئه‌و شاره وه‌ك سه‌رده‌می سه‌ددام حوسێن ده‌ستی پێ كردووه‌ته‌وه و له جێگه‌یان ماڵی هاورده‌ی عه‌ره‌ب نیشته‌جێ ده‌كه‌ن.
ئیداره‌ی سه‌پێندراوی شاری كه‌ركووك و حه‌شدی شه‌عبی بڕیاریان داوه عه‌ره‌ب له پارێزگای ڕوومادییه‌وه بێنن بۆ ده‌وروبه‌ری كه‌ركووك و گوندی تایبه‌تیان بۆ دروست ده‌كه‌ن.
دیاری حوسێن، جێگری لێپرسراوی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگه‌یاند: “ئێستا له لایه‌ن حه‌شدی شه‌عبی و ئیداره‌ی شاره‌كه‌وە خه‌ریكی هاورده‌ی هاووڵاتیی عه‌ره‌بن له پارێزگای ڕومادییه‌وه بۆ ده‌وروبه‌ری كه‌ركووك و له نێوان دووبز و قه‌ره‌درەدا گوندی تایبه‌تیان بۆ دروست ده‌كه‌ن و نیشه‌جێیان ده‌كه‌ن، ته‌عریبكردنی ناوچه‌كه به‌رده‌وامه و چاوەڕێ ده‌كه‌ین كاری خراپتریش به‌سه‌ر شاره‌كه‌دا بێنن”.
جێگری لێپرسراوی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕاشیگه‌یاند: “ڕه‌وشی ئاسایشی كه‌ركووك و ده‌وروبه‌ری به یه‌كجاری تێك چووه، هێزه عێراقییه‌كان ناتوانن پارێزگاری له شاره‌كه بكەن، په‌لاماره چه‌كدارییه‌كان زۆر بووه كه شه‌و نییه له لایه‌ن گرووپی تیرۆریستیی داعشەوە هێرش نه‌كرێتە سه‌ر هێزه عێراقییه‌كان و لێیان نه‌كوژرێت، هه‌روه‌ها داعش په‌لاماری ماڵه كورده‌كانیش ده‌دات، ژیانی له گونده‌كان هه‌ڵگرتووه و هاووڵاتیان به مه‌جبووری ماڵ و شوێنی نیشته‌جێبوونیان چۆڵ ده‌كه‌ن”.