رێبوار تاڵه‌بانی هیچ بڕیارێكی ده‌ستگیركردنم بۆ ده‌رنه‌چووه‌

 

سایته‌ عێراقییه‌كان بڵاویانكرده‌وه‌، به‌ تۆمه‌تی به‌هه‌ده‌ردان و خه‌رجكردنی سامانی گشتی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی له‌ لایه‌ن دادگای لێكۆڵینه‌وه‌ی ده‌ستپاكی بڕیاری ده‌ستگیركردن بۆ رێبوار تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك ده‌ركراوه‌ و له‌ به‌رامبه‌ریشدا نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی رێبوار تاڵه‌بانی، ده‌ركردنی وه‌ها بڕیارێكی ره‌تكرده‌وه‌.

سایتی سۆمه‌ریه‌ نیوز و شه‌رقییه‌نیوز له‌ زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌ دادگای لێكۆڵینه‌وه‌ی كه‌ركووك بڵاویانكرده‌وه‌، رێبوار تاڵه‌بانی له‌ لایه‌ن دادگای لێكۆڵینه‌وه‌ی ده‌ستپاكییه‌وه‌ تۆمه‌تبار كراوه‌ به‌ خه‌رجكردنی 76 ملیۆن دینار بۆ مه‌به‌ستی تایبه‌تی خۆی و له‌ ده‌ره‌وه‌ی رێنمایی یاساییدا.

ئاماژه‌یان به‌وه‌شكردووه‌، كه‌ ئه‌و دۆسیه‌یه‌ ره‌وانه‌ی دادگای كه‌تن كراوه‌ و ئه‌گه‌ر ناوبراو ئه‌و پاره‌یه‌ نه‌گێڕێته‌وه‌، ئه‌وا دادگاییده‌كرێت.

دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌واڵه‌، نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا، رایگه‌یاندووه‌، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك، ئه‌و ده‌نگۆیه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌، كه‌ كه‌ناڵێكی ئاسمانی بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ له‌ باره‌ی ده‌ركردنی بڕیاری ده‌ستگیركردنی له‌ لایه‌ن دادگای ده‌ستپاكی كه‌ركووكه‌وه‌.

له‌ باره‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌واڵه‌وه‌، له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: ئه‌وه‌ی كه‌ناڵی شه‌رقییه‌ نیوز بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، هه‌وڵێكی شكستخواردووه‌ به‌ ئامانجی فشار خستنه‌ سه‌ر رایگشتی و دادگای عێراقی بۆ وروژاندنی كێشه‌ و به‌دیهێنانی ئامانجی تایبه‌تی.

له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌دا له‌ دادگایه‌كی كه‌ركووك بڕیاری ده‌ستگیركردن بۆ رێبوار تاڵه‌بانی ده‌ركرا و به‌ڵام دوای تانه‌ لێدان له‌ بڕیاره‌كه‌، دادگا ئه‌و بڕیاره‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌.

Back to top button