دۆخی خانه‌قین ئاڵۆزتر ده‌بێت و مۆڵەتی ٢٤سەعات دراوەتە كوردەكان

لە دوای ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر، جموجۆڵی داعش بە شێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە و رۆژانە كردەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن، بەو ھۆیەشەوە حەفتەی رابردوو خەڵكی خانەقین مانگرتنی بۆ ماوەی رۆژێك راگەیاند و داوای گەڕانەوەی پێشمەرگەیان كرد بۆ سنووری خانەقین و، ھەڕەشەی ئەوەش دەكەن كە ئەگەر وەڵامیان نەدرێتەوە، ھەڵوێستی توندتریان دەبێت.
 
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە خانەقین، ڕایگەیاند: “دوای ئەوەی ڕۆژی پێنجشەممەی رابردوو خەڵكی خانەقین مانگرتنی بۆ ماوەی یەك رۆژ راگەیاند، لە دیالە كۆمەڵێك بەڵێن بە كورد دراون، بەڵام ھیچیان راست نین و دۆخەكە ئاڵۆزتر بووە، لەو كاتەیشەوە دوو ھاووڵاتیی دیكە شەھید بوونە و شەوی رابردوویش تیرۆریستان بە ماتۆڕسیكل و بە ئاشكرا چوونەتە گوندەكان لە سنووری خانەقین و بە نامە داوایان لە خەڵك كردووە ئەگەر لە ماوەی ٢٤سەعاتدا گوندەكان چۆڵ نەكەن، كە نزیكەی ٢٠گوند دەبن، دەیانكوژن”.
 
بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕاشیگه‌یاند: “هەر دوێنێ ئێوارە لە سنووری خوارووی سەعدییە شەڕ لە نێوان سوپای عێراق و داعشدا ڕووی داوە و تاوەكو درەنگانی ئێوارە شەڕەكە بەردەوام بووە و ژمارەیەك سەرباز بریندار بوونە و سێ داعشیش كوژراون، شەڕەكەش بە ئاشكرا بووە و چەندین جۆرە چەكی قورسیان بەكار ھێناوە، بۆیە ئەگەر پێشمەرگە نەگەڕێتەوە، دۆخەكە زۆر لەمە ئاڵۆزتر دەبێت”.
 
جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا گووتیشی: “رۆژ بە رۆژ ژمارەی داعشەكان لە زیادبووندایە و، لە ئێستادا مەزەندە دەكرێت ژمارەیان بگاتە ٥٠٠ چەكدار”.
Back to top button