محەمەد ئەمین هەورامانی: پڕۆژه‌ی سیمكارتى پێدانی كاره‌با سه‌ره‌تا له‌ هه‌ولێرو سلێمانی جێبه‌جێده‌كرێت

 

دوای ئه‌وه‌ی ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌ 4ی ته‌مموزی 2018، نێچیرڤان بارزانی له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی رایگەیاند، كاره‌با كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌، ئه‌وان ئێستا سه‌رقاڵی ریفۆرمێكی زۆر جدین له‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی كێشه‌ی كاره‌با چاره‌سه‌ر بكات،راوێژكارێكی وه‌زاره‌تی كاره‌باد ده‌لێت:” پڕۆژه‌كه‌ خراوه‌ته‌ بواری جێبه‌جێكردن و نزیكەی هەزار پێوەر لە سلێمانی و هەزاریش لە هەولێر دادەنرێن، پاشان بۆ شوێنەكانی دیكەش هەمان پێوەر دادەنرێت.

سه‌رۆكی حكومه‌ت روونیكرده‌وه‌ كه‌ دوو كێشه‌ له‌ سێکتەری كاره‌بادا هه‌یه‌: یه‌كێكیان زۆر به‌كارهێنانی كاره‌بایه‌ و ئه‌وی دیكه‌ش كه‌ وه‌ك پێویست پاره‌ی كاره‌با كۆناكرێته‌وه‌، بالانسێك له‌مه‌دا نییه‌، كاره‌بایه‌كی زۆر به‌كارده‌هێنرێت و پاره‌یه‌كی كه‌م كۆده‌كرێته‌وه‌.

سه‌رۆكی حكومه‌ت ئاشكراشیكرد كه‌ له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و ریفۆرمه‌دا له‌ سێكتەری كاره‌با ئه‌وه‌یه‌ دابینکردنی ئەو خزمەتگوزارییە بكه‌ن به‌ سیم كارت، وه‌ك ته‌له‌فۆن و له‌ هه‌موو شوێنه‌كان ئه‌و کارە ده‌كه‌ن، واته‌ هاوڵاتی چه‌ند كاره‌با به‌كاربهێنیت ئه‌وه‌نده‌ش پاره‌ بدات، وتیشی كه‌ له‌به‌ر وه‌رزی گه‌رما و زۆر به‌كارهێنانی كاره‌با، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ كێشه‌ی کارەبا گه‌وره‌تر بووه‌.

محەمەد ئەمین هەورامانی، راوێژكار لە وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگه‌یاند، ئەو پڕۆژەیە ریفۆرمە لە بواری كارەبادا، چونكە ئێستا نیوەی زیاتری كارەبا نازانرێت چۆن دەڕوات، بۆیە كاتی هاتووە ریفۆرم بكرێت.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد، ئێستا ئەو پڕۆژەیە چوه‌تە بواری جێبەجێكردنەوە و هەر شوێنێك كارەبا هەبێت لەو جۆرە پێوەرەی بۆ دادەنرێت كە پێی دەوترێت پێوەری سیمكارتی زیرەك، تا بزانرێت ئەو شوێنە چەند كارەبای پێویستە و چەندیش سەرف دەكات.

هەورامانی روونیكردەوە، بۆ ئەو مەبەستە لە هەر بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبا لە پارێزگا و شوێنەكان لیژنەیەك دانراوە و ئەندازیارەكان كاری لەسەر دەكەن و رووپێوی بۆ دەكرێت تا بزانرێت ئامێرەكە لە چ شوێنێك دادەنرێت تا بگونجێنرێت لەگەڵ تۆڕەكانی كارەبا هەروەها پێویستی بە ئینتەرنێتە، لەم سیستەمە هیچ بواری دزینی كارەبا نامێنێت.

راوێژكارەكەی وەزارەتی كارەبا وتی: “نزیكەی هەزار پێوەر لە سلێمانی و هەزاریش لە هەولێر دابنرێن، پاشان بۆ شوێنەكانی دیكەش دادەنرێت”.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ به‌ پێی وته‌ی به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی كاره‌با، له‌ ئێستادا شه‌و و رۆژی 12 كاتژمێر كاره‌بای نیشتمانی ده‌درێته‌ هاوڵاتییان.

Back to top button