سه‌رۆك هۆزێك:”له‌ خورماتوو حه‌شد و داعش هه‌ماهه‌نگی ده‌كه‌ن”

 

دوای ئه‌وه‌ی جموجۆڵی تیرۆریستانی له‌ ناوچه‌ داگیركراوه‌كانی ژێر ده‌ستی داعش زیادی كرد به‌ تایبه‌ت له‌ خورماتوو باشوری پارێزگای كه‌ركووك, سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی هۆزه‌ عه‌ره‌به‌كانی خورماتوو حه‌شدی شه‌عبی به‌وه‌ تۆمه‌تبارده‌كات، كه‌ له‌ ناوچه‌كانی خورماتوو و ئامرلی هه‌ماهه‌نگی ژێربه‌ژێر له‌گه‌ڵ داعش كردووه‌، بۆئه‌وه‌ی رێگری له‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كانی ئه‌و ناوچانه‌ بۆ سه‌ر زێدی خۆیان بكه‌ن، تاوه‌كو پارێزگاری له‌و هێله‌ ستراتیژییه بكه‌ن، كه‌ ئێران به‌ كه‌ركووك و تكریته‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌.

سائر به‌یاتی، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی هۆزه‌ عه‌ره‌به‌كانی خورماتوو : له‌ لێدوانێكدا بۆ سایتی “به‌غداد ئه‌لیه‌وم”، به‌یاتی دووباتیكرده‌وه‌، “له‌كۆی 4800 خێزانی ئاواره‌، تائێستا ته‌نیا 60 خێزان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، ئه‌وانه‌ی كه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ش هێشتا له‌ ده‌وروبه‌ری ناحیه‌كه‌ ماونه‌ته‌وه‌”، هه‌وره‌ها په‌نجه‌ی تۆمه‌تی بۆ حه‌شدی شه‌عبی درێژكرد و گوتی: “ئه‌و گروپانه‌ی حه‌شد كه‌ له‌ ناوچه‌ی ئامرلین، وه‌ك رێكخراوی به‌در، عه‌سائیب ئه‌هلول حه‌ق و حه‌شدی توركمانی، رێگه‌ ناده‌ن ئاواره‌كان بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆیان، وێڕای هه‌ماهه‌نگیكردن و په‌یوه‌ندییان به‌و كرده‌وانه‌ی كه‌ رۆژانه‌ رێكخراوی داعش له‌و ناوچه‌یه‌ ئه‌نجامی ده‌دات”.

گوتیشی: “ماوه‌ی 3 ساڵه‌ ناوچه‌كه‌ ئازادكراوه‌، هۆكاری رێگریكردنیش له‌ گه‌رانه‌وه‌ی ئاواره‌كان ته‌نیا هێڵی ستراتیژی گه‌یشتنی ئێرانه‌ به‌ كه‌ركووك و تكریت” و ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، “ئه‌و زانیارییانه‌ی به‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كان داوه‌”.

به‌یاتی جه‌ختی كرده‌وه‌، “كارێكی عاقڵانه‌ نییه‌ رێكخراوی داعش له‌ناوچه‌كانی ئامرلی و ئه‌لبوراشدییه‌ هامشۆ بكات، به‌بێ ئه‌وه‌ی حه‌شدی شه‌عبی بتوانێت كۆنترۆڵی ئه‌و ناوچانه‌ بكات” و سه‌رسوڕمانی خۆشی له‌وه‌ نیشاندا كه‌، “ئه‌و لایه‌نانه‌ی له‌ڕووی داراییه‌وه‌ هاوكاری چه‌كدارانی داعش ده‌كه‌ن، كه‌وتوونه‌ته‌ ده‌وروبه‌ری ده‌ریاچه‌ی عوزێم، كه‌ ناوچه‌یه‌كی ته‌واو دابڕاوه‌ و هیچ كه‌سێك ناتوانێت بگاته‌ ئه‌و شوێنانه‌ ته‌نیا له‌ڕێگه‌ی ئامرلییه‌وه‌ نه‌بێت”.

شه‌وی رابردوو ره‌عد ده‌هله‌كی، سه‌رۆكی پێشووی لێژنه‌ی كۆچ و كۆچبه‌ران له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق دووپاتیكرده‌وه‌، “رێگریكردن له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی خێزانه‌ ئاواره‌كان بۆ هه‌ندێ ناوچه‌ ئه‌جێندای سیاسی له‌پشته‌”.

Back to top button