ئه‌ردۆغان: سوپا له‌ژێر فرمانی وه‌زاره‌تی به‌رگری ده‌بێت سه‌رۆك ئه‌ركان بوو به وه‌زیری به‌رگری
دوای گۆڕینی سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تی توركیا, دوای راگه‌یاندنی كابینه نوێیه‌كه‌ی كه‌ناڵی (سی ئێن ئێن تورك) بڵاویكرده‌وه، ئه‌مڕۆ سه‌رۆك كۆماری توركیا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان رایگه‌یاند، له‌مڕۆ به دواوه سوپا به ته‌واوی له ژێر كۆنترۆڵی وه‌زاره‌تی به‌رگری ده‌بێت و به گوێره‌ی مه‌رسوومێكی سه‌رۆكایه‌تیش چه‌ندین دامه‌زراوه‌ی سیاسی، سه‌ربازی، ئه‌منی، ئابووری، ئاینی راسته‌وخۆ په‌یوه‌ست ده‌بن به سه‌رۆك كۆماره‌وه.
ئه‌ردۆغان له میانی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، كه له قوبرس ئه‌نجامیدا، گوتیشی: سوپای توركیا به ته‌واوی خراوه‌ته ژێر كۆنترۆڵی وه‌زاره‌تی به‌رگری.
ئه‌م لێدوانه‌ی سه‌رۆك كۆمار دوای ئه‌وه هات، كه رۆژی دووشه‌ممه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه، ئه‌ردۆغان، وه‌زیری نوێی به‌رگری توركیای ده‌ستنیشان كرد و سه‌رۆك ئه‌ركانی سوپای توركیا، خه‌لوسی ئاكار پۆستی وه‌زاره‌تی به‌رگری وه‌رگرت.
پێشتر نوره‌دین جانیكلی وه‌زیری به‌رگری توركیا بوو، خه‌لوسی ئاكار، سه‌رۆك ئه‌ركانی سوپای وڵات بوو.
له وتاری ده‌ستبه‌كاربوونیدا، خه‌لوسی ئاكار رایگه‌یاند، سوپا وه‌ڵامی توندی ده‌بێت بۆ هه‌ر هه‌وڵێك كه بیه‌وێت زیان له به‌رژه‌وه‌ندی و مافی گه‌لی توركیا بدات.
هه‌روه‌ها گوتی: هه‌موو توانایه‌كیان ده‌خه‌نه‌كار بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن سیستمی به‌رگری توركیا به‌هێزتر بكه‌ن و پارێزگاری له یه‌كپارچه‌یی و هه‌ماهه‌نگی و سه‌ربه‌خۆیی خاكی توركیا بكه‌ن.
به گوێره‌ی مه‌رسوومێكی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار، كه دوێنێ سێشه‌ممه (10ی ته‌مموز/ یۆلیۆی 2018) ده‌رچووه، سه‌رۆك كۆماری توركیا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، فه‌ریقی یه‌كه‌م، یه‌شار گولری وه‌ك سه‌رۆك ئه‌ركانی هێزه چه‌كداره‌كانی توركیا ده‌ستنیشانكرد.
له‌و مه‌رسوومه‌دا ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، كه سه‌رۆكایه‌تی ئه‌ركان راسته‌وخۆ په‌یوه‌سته به سه‌رۆك كۆماره‌وه.
هه‌روه‌ها دامه‌زراوه‌كانی دیكه‌ی وه‌ك (سه‌رۆكایه‌تی ئه‌رشیفی ده‌وڵه‌ت، ئه‌نجوومه‌نی چاودێری ده‌وڵه‌ت، سه‌رۆكایه‌تی كاروباری ئاینی، سه‌رۆكایه‌تی ئه‌ركان، سه‌رۆكایه‌تی په‌یوه‌ندییه‌كان و ئه‌میندارێتی گشتیی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و ده‌زگای هه‌واڵگری، سه‌رۆكایه‌تی ئیداره‌ی كۆشكه نیشتیمانییه‌كان، سه‌رۆكایه‌تی پیشه‌سازی به‌رگری، سه‌رۆكایه‌تی ستراتیژی و بودجه و سندوقی نیشتیمانی توركی) سه‌رجه‌میان په‌یوه‌ستن به خودی سه‌رۆك كۆماری توركیا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانه‌وه.
سه‌رچاوه: رۆیته‌رز، ئه‌نادۆڵ