نێچیرڤان بارزانی په‌یامێك بۆ کۆچەر بیرکار ده‌نێرێت ده‌لێت:” سەرکەوتنەکەت بووە شانازی بۆ گه‌ل و نیشتمان”

 

دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ گه‌نجێكی كورد توانی گه‌وره‌ترین خه‌لات له‌ بواری زانستی بیركاری له‌ وڵاتی به‌ڕازیڵ به‌ده‌ست بهێنێت, سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا بۆ ئەو گەنجە كورده‌، پیرۆزبایی لێ دەکات و رایدەگەیێنێت، ئەو خەڵاتكردن و سەركەوتنە زانستییەی ئێوە بووە مایەی خۆشحاڵی و شانازی بۆ گه‌ل و نیشتمان.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا بۆ پڕۆفیسۆر کۆچەر بیرکار کە لە رۆژی 1-8-2018 لە ریۆ دی جانیرۆ توانی خەڵاتی فیڵدزی بواری بیرکاری، کە بە نۆبڵی ئەو بوارە دادەنرێت بەدەستبهێنێت، رایگەیاند: “ئێوە بەو‌ سەركەوتنەتان نموونەی گەنجێكی ژیر و زانستكارێكی سەركەوتووی كوردتان نیشانی جیهان دا كە دەتوانێ لە ئاستی زانا گەورەكانی جیهاندا بێت”.

دەقی پەیامەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان

بەڕێز كۆچەر بیركار

پیرۆزبایی ئەم سەركەوتنە گەورەیە لە بەڕێزتان و بنەماڵەكەتان دەكەم. ئەو خەڵاتكردن و سەركەوتنە زانستییەی ئێوە بووە مایەی خۆشحاڵی و شانازی بۆ گه‌ل و نیشتمان.

ئێوە بەو‌ سەركەوتنەتان نموونەی گەنجێكی ژیر و زانستكارێكی سەركەوتووی كوردتان نیشانی جیهان دا كە دەتوانێ لە ئاستی زانا گەورەكانی جیهاندا بێت، لە هەمان كاتدا ئەو خەڵاتە زانستییەی ئێوە دەبێتە هۆی باوەڕبەخۆبوون و هاندەر بۆ داهێنانی زیاتری گەنجان لە هەموو بوارەكاندا، بە تایبەتیش لە بوارە زانستییەكاندا.

دووبارە پیرۆزباییتان لێدەكەم، هیوای تەمەنی درێژ و سەركەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازم.

Back to top button