داستانی خواكوڕك سه‌رۆك بارزانی به‌ ووته‌كانی كاریگه‌ری له‌سه‌ر دل و دروونی پێشمه‌رگه‌ دروست كردبوو

لە ۱۹ تەممووزی ۱۹۸۸ بە چەند ھەفتەیەک بەرلەوەی شەڕی ھەشت ساڵەی عێراق – ئێران بەتەواوی رابگیرێت، رژیمی بەعس ھێرشێکی بەرفراوانی بۆ ناوچە رزگارکراوەکانی شۆڕشی کوردستان لە دەڤەری خواکورک دەست پێکرد، بەڵام پێشمەرگەکانی لەشکری شۆڕشگێڕی کوردستان بە سەرکردایەتی راستەوخۆی سەرۆک بارزانی لە رووی ئەو سوپایەی عێراق وەستانەوە کە ئەوکات بە پێنجەمین سوپای جیھان دادەنراو شەڕێکی بەرگری کەم وێنەیان ئەنجامدا .

ئەو شەڕە بەرگرییە ھەتا ۵ـی ئەیلوولی ھەمان ساڵ درێژەی ھەبوو. دواتر بە داستانی خواکورک ناونرا. شەڕی خواکورک شەڕێکی به‌ره‌یی ۴۶ رۆژی بوو کە سوپای عێراق تۆپخانە و فڕۆکەی جەنگی و تەنانەت چەکی کیمیاویشی تیدا بەکارھێنا. لەگەڵ ئەوەشدا پێشمەرگەکانی کوردستان توانیان زیانێکی زۆر بە ھێزە ھێرشبەرەکەی رژێمی عێراق بگەیەنن، جگە لەوە شەڕەکە لە رووی سیاسی و سەربازی و ستراتیژییەوە بایەخێکی مەزنی ھەبوو، چونکە پێشمەرگە دەسکەوتێکی زۆری لە چەک وتەقەمەنی ھەبوو. لە رووی سیاسیشەوە پووچکردنەوەی ئەو خەونەی بەغدا بوو کە دەیویست وانیشان بدات بەوەستانی شەڕی عێراق ئێران، بەرگری و شۆڕشی کوردستانیش لەناو دەچێت، بەڵام بەرگری پێشمەرگە لە خواکوک زۆر لە ھاوکێشە و خەونەکانی حکومەتی بەغدای لەناوبرد.

شەڕەکانی خواکوک نموونەیەکی شکۆداری کۆڵنەدان و ورەبەرزیی پێشمەرگە بوو، چونکە لەساتەوەختێکدا تۆمارکرا کە حکوومەتی عێراق زنجیرە ھێرشی ئەنفالە بەدناوەکانی دەستپێکردبوو و درێژەشی پێدەداو شاری ھەڵەبجەیشی بە چەکی کیمیایی بۆردمان کردبوو. بەھەزاران گوندی کوردستانی کاولکردبوو، خەڵکەکەی ئاوارە و سەرنگووم کردبوو، ئاوەدانیی و جەنگەڵەکانی چۆڵ و کانییەکانی ژەھراوی کردبوو، ھەربۆیە پێشمەرگەکانی لەشکری شۆڕشگێڕی کوردستان لە خواکوڕکدا سەرکەوتنێکی وایان بەدەستھێنا کە بۆباری سیاسی و سایکۆلۆژی کورد و شۆڕشەکەی زۆر پێویست بوو. ئەو داستانە لە ناوچەیەکی بەرتەسکدا تۆمارکرا کە حکوومەت زیاتر لە پازدە لیوای سەربازی بەکارھێنابوو.

سەرۆک بارزانی لە سەنگەرەکانی خواکورکدا لە وتەیەکیدا بۆ پێشمەرگەکان پێشبینی ئەوەی کرد کە لە ماوەیەکی زۆر کەمدا زۆر شت روون دەبنەوە و بارودۆخی ناوخۆ گۆڕان بە خۆیەوە دەبینێت و بارودۆخ بەگشتی دەگۆڕێت یا ئەوەیە دوژمن ناچار دەبێت لە بەرانبەر ئەم جۆرە بەرگرییەی پێشمەرگەدا بە خۆیدا بچێتەوە . یان دەبێت دەست لە سوپاکەی بشوات.

سەرۆک بارزانی لە وتەکانیدا پێشبینی کرد بارودۆخی عێراق پاش وەستانی شەڕ زۆر خراپ دەبێت و گرفتە ئابووری و کۆمەڵایەیتیەکان و ئەو قەرزانەی لەسەر عێراقە ئاریشەی مەزن بۆ رژێم دروست دەکەن.

داستانی خواکورک تەنیا شەڕێکی بەرەیی و پارتیزانانەی پێشمەرگە نەبوو، بەڵکو سەرکەوتنێکی سیاسیش بوو. خواکوڕک بەرگرییەکی بێ وێنە بوو چونکە لە ھەلومەرجێکی ناسکدا تۆمار کرا. ئەو سەرکەوتنە لە کاتێکدا بوو کە سوپای عێراق لە دێوەزمەی شەڕی ھەشت ساڵە رزگاری ببوو، کە زۆربەی زۆری وڵاتانی جیھان پشتیوانیان لێدەکرد. حکوومەتی ناوەندی بەشێکی زۆری کوردستانی وێرانکردبوو، گوندەکانی چۆڵ کردبوو کە جاران ببوونە پشتێنەیەکی دڵنییای وئەمنی بۆ پێشمەرگە. خواکورک یەکێکە لەو سەرکەوتنانەی کە مێژووە زامدارەکەی کورد زۆر پێویستی پێی ھەیە، چونکە بەرگری پێشمەرگە توانی دیکتاتۆریەت بەچۆکدا بھێنێت و سەربەخۆیی خەباتی رەوای کورد و گیانی مەقاوەمەتی پێشمەرگەی بۆ ھەموولایەک دەرخست. وایکرد شۆڕشی کوردستان بەردەوامێتی ھەبێت تا بە راپەڕینی ئاداری ۱۹۹۱ـی گەیاند.

داستانی خواكوڕك بە خوێنی گەشی ۲۸ شەهیدو زیاتر لە ۱٦۰ بریندار تۆماركرا كە بەڵگەیەكی زیندوو بوو كەوا گەلی كورد هیچ كات لە مافەكانی خۆی پاشگەزنابێتەوە لە پێناو بەرگری لە خاكی پیرۆزی كوردستان. لێرەدا جارێكی تر رۆڵی سەرۆك بارزانی لەبیرناكریت كە لە نزیكەوە بە شێوەیەكی مەیدانی ئاگاداری تەواوی بەرەكانی جەنگ بوو و بە رێنمایی و وتە پڕ ماناكانی ورەیەكی گەورەی بە پێشمەرگە دەبەخشی، وتەكانی سەرۆك لە ناو هێزی پێشمەرگە كاریگەری لە سەر دڵ و دەروونی پێشمەرگە دروست كردبوو بەتایبەت كە فەرمووی “بە قەد بەرزی چیاكانی كوردستان شەرەفتان لێ ئەبارێ” و “ئێوە گوڵن لە سەر سەری میڵەتی خۆتان” بۆیە سەرۆك موژدەی گۆڕانكاری نوێ لە عێراق و ناوچەكە بە هێزی پێشمەرگە راگەیاند كە لە ماوەیەكی كەمدا هاوكێشە سیاسییەكانی ناوچەكە بە سوودی گەلی كورد دەبن

Back to top button