دوای دەرکردنی ٦۰ بەڕێوەبەری کورد لە کەرکووک، تەعریبی شارەکە، مەلبەندی یەکێتی لە کەرکووک، بەرگری لە ڕەشبگری و تەعریبی حەشدی شەعبی دەکات.
لەگەڵ نزیک بوونەوەی ساڵڕۆژی خیانەتی ۱٦ـی ئۆکتۆبەر، لە کەرکووک هێزێکی زۆری میلیشاکانی حەشدی شەعبی بڵاوەیان پێکراوە، چەندین شەقام لەشارەکە هاتووچۆی تێدا قەدەغەکراوە، هەروەها دەستکراوە بە پشکنینی ماڵە کوردەکان، لەم ساڵڕۆژە مەلبەندی یەکێتی ڕاگەیاندنێک بڵاودەکاتەوە، بەرگری لە،تەعریب و حوکمی سەربازی حەشدی شەعبی دەکات لە کەرکووک.
مەڵبەندی دووی یەکێتی لە کەرکووک ڕایگەیاندووە كە گوایە چەند ماڵپەڕێک بەمەبەست دەیانەوێت دۆخی ئەمنی کەرکووک تێکبدەن، دەنا بەقسەی یەكێتی، ئەو هێزە عێراقیەی ئەمڕۆ لەناو شاری كەركووك بڵاو كراونەتەوە، بۆ پاراستنی ئارامیی شارەکەیە لە یادی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەردا، ئەمەش لە كاتێكدایە پار وەكو ئەمڕۆ یەكێتییەكان هێزی حەشدی شەعبی و پاسدارانیان هێنایە كەركووك و شارەكەیان فرۆشت.
مەڵبەندی ڕێکخستنی دووی یەکێتی لە کەرکووک لە راگەیەندراوەكەیدا كە پێش كەمێكی بڵاوی كردووەتەوە خواکوڕک دەقی ڕاگەیاندنەکە بڵاودەکاتەوە، کە ئاماژەی بەوە داوە كە “چەند میدیایەكی كوردی بەمەبەستی تێكدانی بارودۆخی شاری كەركووك، هەواڵی ناڕاست بڵاو دەكەنەوە، دەنا بڵاوکردنەوەی هێز لە گەڕەکی پەنجا عەلی بۆ پاراستنی ئەمنیەتی شارەکەیە”.
پار لە ڕۆژی 16ی ئۆكتۆبەردا یەكێتی دەستی چووە گەورەترین خیانەت لە مێژووی نوێدا و شاری كەركووك و ناوچە دابراوەكانی كوردستانی رادەستی سوپای پاسداران و حەشدی شەعبی و هێزە شۆڤێنیەكانی بەغدا كرد، بەمەش لەو ساتە بەدواوە دۆخی ئەمنی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان تێكچوو، تا ئێستەش سەقامگیری بەخۆوە نەبینیوەتەوە.
پێشوتریش شاخەوان عەبدوڵا پەرلەمانتاری پێشووی عێراق لەسەر شاری كەركووك ڕایگەیاند “نازانم بوونی ئەو حزبە سیاسییانە لە کەرکووکدان چیە؟ کە نەتوانن ڕێگری لەبەردەم وەها پرۆسەیەکدا بکەن، گەرەکی پەنجا عەلی یەکێکە لە گەرەکە کوردنشینەکان کە ماڵی تێدا نییە پێشمەرگە و شەهید و برینداری لە پێناو ئەمنیەتی کوردستان و کەرکووک نەدابێت، ئەمڕۆش خەڵکێکی پێپەتی لە دەرەوەی کەرکووک هاتووە ماڵی ئەم کوردانە دەپشکنێت، بۆیە ئەمە قابیلی قبوڵکردن نییە”.