مه‌لا به‌ختیار هه‌مان بۆچوونی پێشوترم هه‌یه‌ له‌ باره‌ی خیانه‌تی 16ـی ئۆكتۆبه‌ر, به‌داخه‌وه‌ به‌رژه‌وه‌ندی په‌رستان بۆ چوونی خۆیان گۆڕیوه‌.

 

دووای خیانه‌تی 16ـی ئۆكتۆبه‌ر كه‌ به‌ هۆیه‌وه‌ كه‌ركووك له‌ لایه‌ن حه‌شدی شه‌عبی و سوپای پاسداران داگیركرا, مه‌لا به‌ختیار لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان راگه‌یێندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ دژ به‌ خیانه‌ته‌كاران هاته‌ ده‌نگ, ئه‌مساڵ جەختی لە بۆچوونەکانی خۆی لە سەروبەندی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر کردەوە و ئاشکرای کرد کە ”بەرژەوەندپەست و هەلپەرستەکان بۆچوونی خۆیان گۆڕیوە“.

ئەمڕۆ سێشەممە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٨، مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ١٦ی ئۆکتۆبەری بە ڕۆژە شوومەکەی کوردستان ناساند و ڕای گەیاند، بەبۆنەی تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، ھەمان ئەو پەیام و وتارەی بڵاو دەکاتەوە کە دوو ڕۆژ دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر لە ١٨/١٠/٢٠١٧ بڵاوی کردووەتەوە.

جەختیشی لەوە کردووەتەوە: ”من ئێستاش ھەمان ئەو بۆچوونانەم ھەیە کە ئەوکات نووسیومن، بەڵام بەرژەوەندپەرست و ھەلپەرستەکان بۆچوونی خۆیان گۆڕی“.

ئەمەش دەقی پەیامەکەی مەلا بەختیارە:

١٦ی ئۆکتۆبەر (رۆژە شومەکەی کوردستان)

مەلا بەختیار

بەبۆنەی تێپەڕبونی ساڵێک بەسەر روداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر (رۆژە شومەکەی کوردستان) ھەمان ئەو پەیام و وتارەم بڵاودەکەمەوە کە دوو رۆژ دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر لە ١٨/١٠/٢٠١٧ بڵاومکردەوە. من ئێستاش ھەمان ئەو بۆچونانەم ھەیە کە ئەوکات نوسیومن، بەڵام بەرژەوەندپەرست و ھەلپەرستەکان بۆچونی خۆیان گۆڕی. ئەمەش دەقی پەیامەکەمە کە ئەوکات بڵاومکردەوە:

پەیامێکی ئاواڵە لە لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیەوە

دۆخی کوردستان، گەیشتۆتە ھەڵدێرێکی مەترسیدار. دەمەوێ بەم پەیامە، گەلە دڵسۆزەکەمان‌و پێشمەرگە قارەمانەکان‌و کەسوکاری شەھیدان‌و تەواوی لایەنە سیاسیەکان ئاگادار بکەم کەوا:

بەش بەحاڵی خۆم، چاوەڕێ دەکەم پەرلەمانی کوردستان، یان ھەر کۆمیتەیەکی شارەزای بێلایەن، ھەڵسەنگاندێکی قوڵی ھەمەلایەنە، بەبەڵگەوە، لەسەر کۆی روداوەکان بکات، بە روداوی کارەساتباری کەرکوکیشەوە، لەسەر ھەرکەس‌و گروپ‌و لایەنێک، ھەر تاوانێک سەلمێندرا، ئەوکاتە دەبێ دادگا توندترین سزایان بدات. لەناو یەکێتیشدا، بەھەمان شێوە، ھەڵسەنگاندن لەسەر ھۆکارە راستەقینەکانی کێشەو روداوەکانی ناو یەکێتی، بکرێ. ھەتا سەرئەنجامی ھەڵسەنگاندن، بەبەڵگەی تەواوەوە، روداوە کارەساتبارەکان، ساغنەکاتەوە، پێشوەخت، تومەت دابەشکردن لەراگەیاندن‌و لەچاوپێکەوتنەکاندا، کارێکی ناشایستەیە. کە بێگومان، ئەم روداوانە، لەخۆڕا رویاننەداوە. ھەرلایەک بەپێی سەنگی خۆی‌و ھەموو کاربەدەستێکیش، بەپێی پێگەکەی، پشکی کارەسات‌و روداوەکانی بەردەکەوێ.

بەش بەحاڵی خۆم، نەک لەم دوو ھەفتەیەدا، بەڵکو لەدوای نەخۆشکەوتنی جەنابی مام جەلالەوە، رەنجی فەرھادم داوە، ھەم لەناو یەکێتیداو ھەم لەنێوان یەکێتی‌و پارتی‌و لایەنەکانی تریشدا، ھاوکات نێوان ھەرێم‌و بەغدادو دەوڵەتانی ناوچەکە، سیاسەتێکی ئەقڵانی ھاوسەنگ بگیرێتەبەر. بەڵام مەخابن، لەبەشێکی بەرچاوی ئەو سیاسەتەدا، بەھۆی ھەلپەرست‌و ھەرزەکارانەوە، شکستمان خوارد!

سەبارەت بە ریفراندۆمیش، پاساوم بۆ رەخنەفرۆشان نەھێشتۆتەوە تانە بخەنە سەر ھەڵوێستەکانم. بۆ یەکەمین جارە دەیڵێم: من، بەردەوام لەکۆبونەوەی دووقۆڵی یەکێتی‌و پارتی‌و سێقۆڵی لەگەڵ پارتی‌و یەکگرتوشدا، ھەروەھا لەکۆبونەوەی لیژنەی باڵای ریفراندۆمیشدا، سور بووم لەسەرئەوەی بەدیلی ریفراندۆم قبوڵ بکەین‌و لەگەڵ ئەمریکا، بەریتانیا، دەوڵەتانی ئیقلیمی، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی‌و حکومەتی عێراق، گفتوگۆیەکی بەرپرسانە بکەین. بەڵام لەناو رای گشتی گەلەکەشماندا، دڵی یەک ھاوڵاتی کوردستانیشم، لە داکۆکی بۆ مافە دیموکراسیەکان، ساردنەکردۆتەوە. چەند ھەڵەو چەندیش لەو سیاسەتە راست بوبین، وەکو یەکێتی، با ئەمەشیان جێبھێڵم بۆ ھەڵسەنگاندن‌و توێژینەوە.

جەماوەری سەربەرزی کوردستان!

بەم پەیامە ئاواڵەیە، ھەموو لایەک ئاگادار دەکەمەوە کەوا:

یەکەم: مەترسییەکی گەورە لەسەر باشورو ھەرێمی کوردستان ھەیە، کە ببێتە دوو ئیدارەیی‌و دوو ئیدارەییش، لێکەوتەی شەڕی ناوخۆو دەستێوەردانی ئیقلیمی‌و نێودەوڵەتی نەخوازراوی لێ چاوەڕوان دەکرێ.

دووەم: یەکێتی، سەرەنجامی کێشە چارەسەرنەکراوەکانی دوای نەخۆشکەوتنی مام جەلال (پێشتریش) گیروگرفتەکانی نزیک کەوتونەتەوە لە بنبەست‌و مەترسی جیابونەوەیەکی گەورە، ھەڕەشە لەیەکێتی دەکات. ھەلپەرست‌و ھەرزە ئەقڵەکانی ناو یەکێتی‌و فەیسبوکبازەکانیش کە ھەر خەریکی شێواندنی زھنیەتی خەڵکن، وەکو پێشینان وتویانە: “دز بازاڕی شێواوی ھەیە”.. ئەمانەش، لەناو ھەموو رەوت‌و جەمسەرەکاندا، زۆر نابەرپرسیارانە، لەرابوردودا بەگشتی‌و لە دوو مانگی رابوردودا بەتایبەتی، دەستیان ھەیە، لەم دۆخەی یەکێتی تێیکەوتووە. کە بەداخەوە بەشێک لەئامانجە گڵاوەکانیان ھێناوەتەدی!

گەلی لێقەوماومان!

دوو ئیدارەیی‌و جیابونەوەی ناو یەکێتی، یان جیابونەوەی ناو یەکێتی‌و دوو ئیدارەیی، لەم ھەلومەرجەی دوای کارەساتی کەرکوک، پەیوەندییەکی توندوتۆڵیان بەیەکەوە ھەیە.

ھەر کوردێکی بەشەرەف‌و ھەر یەکێتیەکی دڵسۆز، ئەگەر بیەوێ، دوای کارەساتی عەسکەری کە لەناوچە کێشەلەسەرەکاندا (بە شارە ئازیزەکەشمەوە خانەقین) بەسەرماندا ھاتووە، راماننەکێشێت بۆ کارەساتی سیاسی ترسناکتر، ھەقوایە، دڵسۆزان چەند دژی جیابونەوەی ھەرێمن، ھێندەش پەرۆشی یەکڕیزیی یەکێتی ناو یەکێتی بن.

بەندە، رایدەگەیەنم، دژی جیابونەوەم لەناو یەکێتیداو دژی دوو ئیدارەییم. بەتوندی دژی ئەوەشم جگە لە چارەسەرکردنی کێشەکانی ناو یەکێتی، ھیچ رێگەیەکی تر بگیرێتەبەر. بۆیە پێدادەگرم لەسەرئەوەی ئۆرگانەکانی یەکێتی، تەواوی دەسەڵاتی حزبی‌و سیاسییان ھەبێ. ھیچ کەسێک‌و ھیچ بنەماڵەیەک، بۆی نەبێ، لەباتی ئۆرگانە رەسمییەکانی یەکێتی، بڕیار بدات. یان کۆبونەوە لەگەڵ ھیچ لایەکدا بکات.

ھەڤاڵە دێرین‌و نوێکان دەمناسن، لەھیچ قۆناغێکدا، خۆم لەبەرپرسیارێتیی نەدزیوەتەوە. بەڵام دۆخەکەی کوردستان‌و بەداخەوە ھی ناو یەکێتیش وایلێھاتووە بڵێم:

چیکە، ناتوانم ئاژاوە لە ئاژاوەگێڕان قبوڵ بکەم. ھەتا ئێستا لەبەرخاتری کەسوکاری شەھیدان‌و سەرۆک مام جەلال‌و پێشمەرگەو مێژووی یەکێتی خۆم بە نیمچەبەرپرسیار لەناو یەکێتی‌و لەویژدانی خۆمدا زانیووە، ئەوەی لەتواناشمدا بوبێ، ھەوڵم داوە بۆ چارەسەر، بەڵام لەمەودوا ئەو نیمچە بەرپرسیارێتیەش کاریگەری نەماوە لەناو ھاوکێشەکاندا، بۆیە پێشکەشی ئەوانەی دەکەم، لەناو ھەموو جەمسەرەکاندا، ھەڵپەیانە مەرام‌و نەخشەکانیان دوای مردنی سەرۆک مام جەلال بەدیبھێنن. تەنھا بەیاننامەکان‌و چاوپێکەوتنی داھۆڵەکان بژمێردرێ، ئیتر ساغدەبێتەوە چ نەخشەیەکی شاردراوە، لەئارادایە. رەخنە تێکەڵ بە رق‌و رقیش پیلانی تۆڵەسەندنەوەی بۆ داڕێژراوە.

جەماوەری گەلەکەمان ھەرچی رەخنەو ناڕەزاییان ھەیە بەرامبەرمان، ھەقیانە. بەڵام ھەلپەرست‌و بازرگان‌و ئاژاوەگێڕان، لەباتی ئەوەی دەست بە کڵاوی شکستەکانیان بگرن، نەکا رەشەبای توڕەیی خەڵک بیبات، کەچی ھێشتا زمانیان پاراوەو پاساویان سازەو تەلەفزیۆنەکانیشیان داگیرکردووە!

لەکۆتاییشدا، جەخت دەکەمەوە، لەھیچ کۆبونەوەیەکدا بەشداری ناکەم، ئەگەر کۆبونەوەکە شەرعیی نەبێ‌و دوا دەسەڵاتی سیاسی‌و حزبی، نەگەڕێتەوە بۆ سەرکردایەتی‌و مەکتەبی سیاسی یەکێتی. ھەرگیز ھەژمونگەری ھیچ کەسێک‌و ھیچ بنەماڵەیەک‌و ھیچ دەستەگەرییەک، قابیلی قبوڵ نییە بۆم. چونکە کولتوری سیاسی یەکێتی وابووە. نەک ئەمەی دەگوزەرێ.

داوای لێبوردنیش دەکەم لەمکاتەدا، کە گەلەکەمان دوچاری باری نالەبار ھاتووە، بەندە، ئەم پەیامە بڵاودەکەمەوە. بەدڵنیاییەوە، ئەگەر پەیامەکەم زۆر بەپێویست نەزانیبا، وەکو ساڵانی رابوردوو، خۆمم دەخواردەوەو ئەرکەکانیشم رادەپەڕاند. بەڵام ئێستا، بەش بەحاڵی خۆم، ئیتر قسەنەکردن بە تاوان دەزانم، دیارە قسەی ئێجگار زۆرترم پێیە لەسەر روداوەکان‌و کێشەکان‌و دیاردە دزێوەکان، لەسەرانسەری کوردستاندا.. بەڵام نامەوێ بە کارو کاردانەوە ھیچ بڵێم، پێشینان گوتەنی: قسە لەکاتی خۆی‌و لەجێی خۆی. تەنھا شانازیشم ئەوەیە کە ھەرکاتێک بێمە دەنگی تەواو، نە قەرزارباری حکومەتم‌و نە ھیچ کەسێکی تر. منەتی ھیچ لایەکیش نازانم بۆ ئەستۆپاکی. خۆم تەنھا بەقەرزارباری کەسوکاری شەھیدان‌و پێشمەرگە غەدرلێکراوەکان دەزانم‌و بەس.

مەلا بەختیار

٢٠١٧/١٠/١٨

Back to top button