ئەمریکا بەهۆی مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران سزای بەسەر ژمارەیەک کەس و کۆمپانیا سەپاند

دوای ئەوەی ئەمریکا سزایەکی دوانزە خاڵی بەسەی ئێراندا سەپاند، لە چوارچێوەی بڕیارەکەی هاتووە هەر وڵاتێک مامەڵە لەگەڵ ئێراندا بکات، سزا دەدرێت ئەمڕۆ ئەمریکا سزای بە سەر چەند کەس و کۆمپانیایەکدا سەپاند و دەڵێت، نەوتی ئێرانیان بۆ سووریا گواستووەتەوە.

کۆی گشتیی سزادراوەکان شەش کەس و سێ کۆمپانیان. شەش کەسەکە دوو ئێرانی، رووسی، سووری، عێراقی و لوبنانییەکن و سێ دامەزراوەکەش بارەگای سەرکیی دوویان لە رووسیا و یەکێکیان لە ئێرانە.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا لیستی سزادراوەکانی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو لایانانە هەوڵیان هەبووە نەوتی ئێران بۆ حکومەتی بەشار ئەسەد لە سووریا بگوازنەوە.

کۆمپانیایەکی ئێرانی و سێ کۆمپانیای رووسیی لەناو لیستی سزادراوەکاندان. لەناو کۆمپانیا رووسییەکانیشدا کۆمپانیای پرۆمسیریۆیمپۆرت هەیە کە سەر بە وەزارەتی وزەی رووسیایە.

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە “ئەمڕۆ ئێمە لە دژی بەرنامەیەکی ئاڵۆزی ئێران و رووسیا هەنگاودەنێین کە بەکاربراوە بۆ بەهێزکردنی رژێمی ئەسەد و بەدەستهێنانی دارایی بۆ چالاکییە تێکدەرانەکانی ئێران”.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەشڵێت “بەرپرسانی بانکی ناوەندیی ئێران بەردەوامن لە سوودوەرگرتن لە سیستەمی دارایی نێودەوڵەتیی و تەنانەت لەم کەیسەدا کۆمپانیایەک کە ناوی وەک کۆمپانیایەک بۆ بازرگانیی پێداویستیی مرۆیی تۆمارکراوە، وەک ئامرازێک بۆ ئاسانکاریی گوێزانەوەی دارایی بۆ پاڵپشتیکردنی ئەم بەرنامە نەوتییە بەکاربردووە”.

ئەو سزایانەی ئەمریکا بۆ سەر ئەو کەس و کۆمپانیایانە لە درێژەی سزاکانی ئیدارەی بۆ سنووردارکردنی تواناکانی ئێران بۆ هەناردەکردنی نەوت کە دەیەوێ بیگەیەنێتە سفر.

Back to top button