وەزیری دارایی: بە بڕیاری نێچیرڤان بارزانی نەخۆشخانەیەكی تایبەتی شێرپەنجە لە دهۆك دادەمەزرێت
دوای ئەوەی ئەمڕۆ وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی پارێزگای دهۆکی کرد، وەزیری دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەمیانی سەردانەکەی، رایگەیاند كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دامەزراندنی نەخۆشخانەیەكی تایبەت بەشێرپەنجەی لە دهۆك داوە.
رێباز حەملان لە میانی سەردانەكەیدا، پارێزگای دهۆك و خاڵی سنووری ئیبراهیم خەلیلی لە زاخۆ بەسەر كردەوە، لەلایەن فەرهاد ئەتروشی پارێزگاری دهۆك و حەمید عەلی بەڕێوەبەری كۆمەڵگای ئیبراهیم خەلیل پێشوازی لێ كرا.
وەزیری دارایی لە باڵەخانەی پارێزگای دهۆك لەگەڵ هەر حەفت قایقمامەكەی قەزاكانی پارێزگای دهۆك و بەڕێوەبەری فەرمانگاكانی دهۆك كۆبوونەوەی فراوانی ئەنجام دا.
ڕێباز حەملان لە میانی كۆبوونەوەكانید رایگەیاند كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی نیشان داوە لەسەر دروستكردنی نەخۆشخانەیەكی تایبەتی شێرپەنجە لە دهۆك و بۆ ئەو مەبەستەش باسی لە رێكارەكانی ئەنجامدانی ئەو پڕۆژەیە كرد.
وەزیری دارایی و ئابووری هەروەها تاقیگەی كۆنتڕۆڵی جۆری لە زاخۆ بەسەركردەوە و دەستخۆشی لە كارمەندان كرد بەرانبەر رێكوپێك راپەڕاندنی ئەركەكانیان.