لیوا عەبدولخالق تەڵعەت: دوای گه‌یشتنی ناوی هه‌ڵهاتووه‌كان هیچ تاوانبارێك ڕاده‌ستی ئێمه‌ نه‌كراوه‌ته‌وه‌

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر، ڕایگه‌یاند: “دوای لێدوانی بەندە لەبارەی راكردنی ژمارەیەك تۆمەتباری پارێزگای ھەولێر كە لە سنووری پارێزگای سلێمانی داڵدە دراون، بڕیارێك دەرچوو بۆ ئەوەی ھەموو تۆمەتباران لە ھەر كوێیەك بن دەستگیر بكرێن و رادەستی ئەو شوێنەی لێوەی ھاتوون بكرێنەوە، بەڵام دوای گەییشتنی ناوەكان بە پۆلیسی سلێمانی، تا ئێستا ھیچ تۆمەتبارێكی راكردوو رادەستی ئێمە نەكراوەتەوە، ئەمە لە كاتێكدایە ناوی تەواو و شوێنی نیشتەجێبوونی تۆمەتباران رادەستی پۆلیسی سلێمانی كراوە”.

بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر دەڵێت: “مەبەستمانە تاوانبارە راكردووەكان دەستگیر بكەین، لەبەر ئەوەی تاوانی نامرۆڤانەیان ئەنجام داوە، بۆ نموونە كەس ھەیە سێ ھاووڵاتیی كوشتوون كە بران و ئێستا لە سلێمانی خۆیان حەشار داوە و شوێنیان دیارە، ئەمە لە كاتێكدایە ھەر كاتێك تۆمەتبار لە سلێمانییەوە ڕایكردبێت بۆ ھەولێر، یەكسەر دەستگیرمان كردووە و رەوانەی سلێمانی كراوەتەوە، كە مەبەستمە بڵێم رادەستی ھێزەكانی ئەوێمان كردووەتەوە”.

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر لەبارەی زیادبوونی دیاردەی چەكھەڵگرتن گوتیشی: “مۆڵەتی ھەڵگرتنی چەك بە ھەموو شێوەیەك راگیراوە و مۆڵەت بە كەس نادرێت چەكی لابێت، ھەڵمەتی ھێزە ئەمنییەكانیش بەردەوامە لەسەر دەستگرتن بەسەر چەكی بێمۆڵەت و سزادانی سەرپێچیكاران”.

Back to top button