سەرۆك بارزانی لەگەڵ ئەمیری كوەیت كۆبۆوە
لەدرێژەی سەردانەكەی بۆ وڵاتانی كەنداو، سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ شاندی یاوەری كە پێكهاتبوو لە مەسرور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی كوردستان و ئازاد بەرواری ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، سەردانی كوەیتی كرد و سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە 27ـی 11ـی 2018 لە لایەن سمو شێخ سەباح ئەلئەحمەد ئەمیری كوەیت پێشوازی كرا.
لەو كۆبوونەوەیەكدا بیروڕا لەبارەی دوایین پێشهاتە سیاسی و گۆڕانكارییەكانی عێراق و ناوچەكە ئاڵوگۆڕ كرا و هەروەها ڕۆشنایی خرایە سەر پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و وڵاتی كوەیت و چۆنییەتی پێشخستنی ئەو پەیوەندییانە.
پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكوومەتی تازەی عێراق تەوەرێكی دیكەی ئەو دیدارە بوو.
هەر هەمان ڕۆژ سەرۆك بارزانی و شاندی یاوەری لەگەڵ شێخ ناسر سەباح ئەلئەحمەد جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری بەرگریی كوەیت كۆبوونەوە. لەو كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە و پەیوەندییەكانی هەردوولا تاوتوێ كرا و جەخت لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی كوەیت كرایەوە.
دواین وێستگەی سەردانی سەرۆك مەسعود بارزانی و شاندی یاوەری بۆ وڵاتی كوەیت سەردانیكردنی ناوەندی كولتووریی شێخ جابر ئەلئەحمەد و هەروەها دیدار و كۆبوونەوەیان بوو لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی سندووقی كوەیتیی گەشەپێدانی ئابووریی عەرەبی.