بە تۆمەتی پشتیوانی تیرۆر, عێراق پارەی بانكێك و كۆمپانیایەكی ئێرانی سڕكرد
لەگەڵ سزاكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران, كە فشارێكی زۆری بۆ سەر ئەو وڵاتە دروستكردووە, ئەمڕۆ ڕۆژنامەی (عوكاز)ی سعوودی، بڵاوی كردەوە، كە عێراق پارەی بانكێك و دامەزراوەیەكی ئێرانی بەتۆمەتی پشتیوانیكردنی گرووپی تیرۆریستی لەعێراق، سڕ كردووە.
ڕۆژنامە سعوودییەكە لە ڕاپۆرتێكیدا كە ئەمڕۆ بڵاوی كردووەتەوە، نووسیویەتی: “بۆ یەكەم جارە، دەسەڵاتدارانی عێراق بڕیاری سڕكردنی پارەی گواستراوە و نەگوازراوە و سەرچاوە ئابوورییەكانی بانكی “سینا” و گرووپی “بەهمەن”ی ئێرانی، دەدات”.
بەپێی ڕاپۆرتەكە، لیژنەی ئابووری حكوومەتی عێراق، ئاماژەی بەوە داوە، كە بڕیارەكە بەپشتبەستن بە یاسای نەهێشتنی ششتنەوەی پارە و پشتیوانیكردنی گرووپە تیرۆریستییەكان، دەركراوە.
ئاشكراشی كردووە، كە ڕێكارەكان ئاراستەی بانكی ناوەندی عێراق كراوە، بۆ ئەوەی لای خۆیەوە ڕێكاری پێویست بەرامبەریان بگرێتەبەر.