حەشدی شەعبی هەڵدەكوتێتە سەر پارێزگای سەلاحەدین

 

دوای ئەوەی حەشدی شەعبی چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان و ناوچە سونی نشینەكانی لە ناوەڕاستی عێراق داگیركرد, ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین، ئەمڕۆ سێشەممە 27/ 11/ 2018، میلیشیای حەشدی شەعبی بەدەستدرێژیكردنە سەر بینای ئەنجومەنی پارێزگاكە تۆمەتبار كرد. داواشی لە حكوومەتی فیدڕاڵی كرد، میلیشیاكە لە تكریت بكاتە دەرەوە.

ئەنجومەنەكە لە ڕاگەیاندراوێكدا بڵاوی كردەوە، كە: “ئەمڕۆ گرووپێكی سەر بە حەشدی شەعبی، دەستدرێژی كردە سەر بینای ئەنجومەنی پارێزگا لە تكریت”.

جەختیش كراوەتەوە، كە ئەوە یەكەم هێرش و دەستدرێژیكردنی میلیشیای حەشدی شەعبی نییە لە پارێزگاكە.

ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین داوای لە حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق كرد، ڕێكاری پێویست بۆ دەركردنی میلیشیای حەشدی شەعبی لەناو شاری تكریت بگیرێتەبەر و خاڵەكانی پشكنینیش ڕادەستی سوپا و پۆلیس بكرێت.

لای خۆیەوە، سەفا ساعدی، فەرماندەی پرۆسەكانی حەشدی شەعبی لە سەڵاحەدین، ڕای گەیاند: “ئەوەی ڕووی داوە شەڕێك بووە لە خاڵێكی پشكنین و دۆسییەكەشمان داوەتە دادگا بۆ ئەوەی لێپرسینەوە لە تۆمەتباران بكات”.

Back to top button