رۆژنامەنوسێكی جەزیرە: بزانە چۆن باسی سەردانەكەی سەرۆك بارزانی دەكات بۆ بەغدا
دوای ئەوەی سەرۆك بارزانی سەردانی بەغدای كرد, سەردانەكەی سەرۆك بارزانی كاردانەوەی گەورەی لە سەر ئاستی نێو دەوڵەتی و ناوخۆی عێراق لێكەوتەوە بە جۆرێك كە رۆژنامەنووسێکی کەناڵی (جەزیرە)ی عەرەبی رایدەگەیەنێت، کە سەرۆک بارزانی لە سەردانەکەی بۆ بەغدا، تەحەدای نەیارە ناوخۆییەکان و دوژمنە عێراقییەکانی کرد.
ئەحمەد زاوێتی، نووسەر ورۆژنامەنووسی بە ئەزموونی جەزیرە، لە بلۆگی تایبەتیی خۆی لە ماڵپەڕی کەناڵەکەی، شیکارییەکی بۆ سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدای پایتەختی عێراق، کردووە.
ئەحمەد زاوێتی ئاماژەی بە رەتکردنەوەی سەرۆک بارزانی بە رۆیشتن لەسەر فەرشی سوور لە زاخۆ و رۆیشتنی لەسەر فەرشی سوور لە بەغدا کردووە و رایگەیاندووە، سەرۆک بارزانی ”بۆ رێزگرتن لە خوێنی شەھیدان، لە زاخۆ لەسەر فەرشی سوور نەڕۆیی، بەڵام لە بەغدا بە شانازییەوە لەسەر فەرشی سوور رۆیشت“.
ھەروەک ئەو نووسەر و رۆژنامەنووسە رایگەیاندووە، سەرۆک بارزانی لە بەغدا بە رۆیشتن لەسەر فەرشی سوور، تەحەدای دوو لایەنی کرد، کە بریتین لە؛
– نەیارە ناوخۆییەکان، کە لە بەغدا گرەویان لە دژی سەرۆک بارزانی کرد.
– دوژمنە عێراقییەکانی وەک قەیس خەزعەلی، حەیدەر عەبادی و نوری مالیکی و ھادی عامری، کە بەردەوام ھەوڵی شێواندنی وێنەی سەرۆک بارزانییان دەدا لای عێراقییەکان.
زاویتی جەختی لەوە کردووەتەوە، کە سەرۆک بارزانی لەو سەردانەیدا بۆ عێراق، توانی ھەموو ئەو ئامانجانە بەدەست بھێنێت، کە ریفراندۆمی سەربەخۆیی لەپێناویاندا ئەنجام دا، کە دیارترینیان بریتی بوو لە، گەڕاندنەوەی بەشەبودجەی ھەرێمی کوردستان، یەکلاکردنەوەی چارەنووسی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان.
ئەو نووسەرە بە ئاماژەکردن بەوەی سەرکردە شیعییە عێراقییەکان بە ھەموو نەیارە کوردستانییەکانی سەرۆک بارزانییان راگەیاندووە، کە ھەر پەیوەندییەک لەنێوان عێراق و ھەرێمی کوردستان لەڕێی سەرۆک بارزانییەوە دەبێت نەک کەسێکی دیکە، رایگەیاندووە، سەرۆک بارزانی ”بە بەھێزییەوە گەڕایەوە بەغدا“.
رۆژی پێنجشەممە ٢٢/١١/٢٠١٨، سەرۆک مەسعود بارزانی سەردانی بەغدای پایتەختی عێراقی کرد و لە رێوڕەسمێکی شایستەدا، بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە لە فڕۆکەخانەی بەغدا پێشوازییان لێ کرد.
لەو سەردانەیدا، لەگەڵ عادل عەبدولمەھدی، سەرۆکی حکوومەتی عێراق و ھەموو سەرکردە باڵا و کاریگەرەکانی عێراق کۆ بووەوە و لە ھەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و فڕۆکەخانەی نەجەف، ھاوشێوەی سەرۆکی وڵاتان پێشوازییان لێ کرد.