فەرمانی دەستگیركردن بۆ راكان جبوری دەرچوو
دوای خیانەتی 16ـی ئۆكتۆبەر داگیركردنی كەركووك, راكان بجووری وەك پارێزگار بەسەر كەركووك داسەپێندرا, لەو كاتەوە تا ئێستا پارێزگاری سەپێندراو, سەروەت و سامانی گشتی بۆ بەرزەوەندی كەسی بە كارهێناوە بەو هۆیەشەوە ئەمڕۆ چوارشەممە دەستەی نەزاهە لە بەغدا فەرمانی دەستگیركردنی بۆ ڕاكان جبووری پارێزگاری كەركووك بەوەكالەت دەركرد.
جوان حەسەن زەنگەنە ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ڕاگەیاند “بەپێی ئەو زانیارییانەی پێمانگەیشتووە، ئەمڕۆ دەستەی نەزاهە لە بەغدا فەرمانی دەستگیركردنی بۆ ڕاكان جبووری پارێزگاری كەركووك بەوەكالەت دەركردووە”.
گوتیشی “جبووری تۆمەتبار كراوە بەوەی سامانی گشتی بەهەدەر داوە و دەسەڵاتەكانی بەدەر لە یاسا بەكارهێناوە”.
هەروەها ڕوونی كردەوە “هەر ئەمڕۆ دادگای كەركووك بەپشت بەستن بەفەرمانەكەی دەستەی نەزاهە، فەرمانی دەستگیركردنی بۆ ناوبراو دەركردووە، بەڵام لەبەرئەوەی فەرمانەكە تازە دەرچووە و ناوبراو پشووی وەرگرتووە تا ئێستە جێبەجێ نەكراوە و دەستگیر نەكراوە”.
جبووری لە دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو كە لەلایەن تاقمێكی یەكێتییەوە ئەنجام درا، وەك پارێزگار بەوەكالەت بەسەر كەركووكدا سەپێندرا و یەكێ لە كارە شۆڤێنییەكانی ئەوە بوو پرۆسەی تەعریبكردنی شارەكەی دەستپێكردەوە.