به‌هۆی ململانێێ باڵه‌كانی ناو یه‌كێتی پێكهێنانى حكوومه‌تى داهاتووى كوردستان دوا ده‌خات

هه‌وڵه‌كان بۆ پێكهێنانى حكوومه‌تى نوێى كوردستان به‌رده‌وامن و به‌شێك له‌ چاودێرانى سیاسیی پێیان وایه‌، ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌ى له‌ناو حزبه‌كان خۆیان ده‌كرێ، هۆكارن بۆ دواخستنى پێكهێنانى حكوومه‌ت. دووپاتیشی ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ناكۆكییه‌كانى ناو یه‌كێتى و ڕێككه‌وتن له‌ ناوخۆى خۆیان، هۆكارێكى تره‌ بۆ ئه‌وه‌ى پێكهێنانى حكوومه‌تى داهاتووى كوردستان دوا بكه‌وێت.

پارتى دیموكراتى كوردستان خاوه‌نى 45 كورسیی په‌رله‌مانى كوردستانه‌ و مه‌سروور بارزانى كاندیدى ئه‌و حزبه‌یه‌ بۆ وه‌رگرتنى پۆستى سه‌رۆك وه‌زیرانى داهاتووى كوردستان. پارتى ده‌ستى به‌ گفتوگۆكان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى په‌له‌ بكرێت له‌ پێكهێنانى حكوومه‌تى داهاتوو، تا ئێسته‌یش چه‌ند جارێك له‌گه‌ڵ یه‌كێتى و گۆڕان كۆ بووه‌ته‌وه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كانى (خـواكــورك) له‌ كۆبوونه‌وه‌ى نێوان پارتى و یه‌كێتى بۆ پێكهێنانى حكوومه‌ت، یه‌كێتى پرسى ترى خستووه‌ته‌ سه‌ر مێزى گفتوگۆ، وه‌ك یه‌كلاكردنه‌وه‌ى پارێزگارى كه‌ركووك و پۆسته‌كانى تر له‌ به‌غدا، به‌ڵام پارتى سوور بووه‌ كه‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر پێكهێنانى حكوومه‌تى نوێ بكرێ، چونكه‌ شانده‌كه‌ى پارتى ڕایان گه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌وه‌ دوو كه‌یسى جیاوازه‌.

ئه‌ندامىێكی سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتی ڕایده‌گه‌یێنێ، یه‌كێتى پێى وایه‌ پێكهێنانى حكوومه‌تى ئه‌مجاره‌ زۆر ناخایه‌نێت، به‌ڵام پێویسته‌ كۆبوونه‌وه‌ى ناوخۆیی بكرێ بۆ خۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ و تاوتوێكردنى پڕۆژه‌كان باسى له‌وه‌ش كرد كه‌ یه‌كێتى كۆبوونه‌وه‌ى سه‌ركردایه‌تى ده‌كات و وه‌ڵامى پارتى ده‌داته‌وه‌، به‌ڵام ددانی به‌وه‌یشدا نا كه‌ هێشتا واده‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ دیار نه‌كراوه‌ و وه‌ڵامه‌كه‌ى پارتیش ئاماده‌ نییه‌.

ئه‌و ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تیه‌ی یه‌كێتی باس له‌وه‌ش ده‌كات، له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ هێشتا یه‌كێتى وه‌ڵامى پڕۆژه‌كه‌ى پارتى نه‌داوه‌ته‌وه‌. سه‌رچاوه‌یه‌ك به‌ (خـواكـورك) ـی ڕاگه‌یاند، كه‌ ناكۆكى زۆر له‌سه‌ر دابه‌شكردنى پۆست هه‌یه‌، ته‌نانه‌ت له‌ ئه‌گه‌رى وه‌رگرتنى پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مان، یه‌كێتى له‌ نێوان بێگه‌رد تاڵه‌بانى و رێواس فایه‌ق هێشتا كه‌سیانى یه‌كلا نه‌كردووه‌ته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ گوتى، جگه‌ له‌ كێشه‌ى نێوان باڵه‌كانى ئه‌و حزبه‌ له‌سه‌ر پۆست، ته‌نانه‌ت له‌ناو بنه‌ماڵه‌ى تاڵه‌بانیش كێشه‌ هه‌یه‌ و چه‌ند كه‌سێكى ناو بنه‌ماڵه‌ چاویان له‌وه‌یه‌ پۆستى گرنگ له‌ حكوومه‌تى داهاتووى كوردستان وه‌ربگرن.

 

 

Back to top button