پارتی هه‌واڵێكی گرنگی له‌باره‌ی پێكهێنانی حكومه‌ت ڕاگه‌یاند

 

 

پارتی دیموکراتی کوردستان ڕای گەیاند، خوازیارە لە هەفتەی داهاتوودا کۆتایی بە گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بهێندرێت و هۆشداریشی بە هەر لایەنێک دا کە هەوڵی دواخستنی گفتوگۆکان بدەن.

نووری حەمە عەلی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایده‌گه‌یێنێ: ئێمە وەکوو پارتی خوازیارین لە هەفتەی داهاتوودا کۆتایی بە هەموو گفتوگۆکان و دانیشتنەکان بێنین و کابینەی نوێی حکوومەت و سەرۆکایەتیی پەرلەمان پێکبهێنرێت، واتە ئەوە خواستی ئێمەیە بۆ و خزمەتکردنی خەڵکی کوردستانە”.

هۆشداریشی بە هەر لایەنێك دا کە ئەگەر لەمپەرمان بۆ دروست بکەن،  ئەوا خەڵکی کوردستان بڕیاردەر دەبێت کە کێ ئاستەنگ لەبەردەم پێکهنانی حکوومەت دروست دەکات؟ ئەو کاتەش “حزبەکە خۆی بەرپرسیارێتییەکەی لە ئەستۆ دەگرێت”.

لەبارەی داواکارییە زۆر و زەوەندەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیشەوە، ئەو سەرکردەیەی پارتی ڕای گەیاند: “ناکرێ لەبەر ئەوەی هێزت هەیە، بڵێی نیوەی حکوومەت دەبێ هی من بێ، ئەمە نە بۆ پارتی و نە بۆ یەکێتیش دەبێ، ئەگەر واشبێ، کەواتە خەڵک ئەزیەت دان و هەڵبژاردن چ مانا دەبەخشێت؟ بۆیە لە ڕاستیدا ئێمە لەگەڵ ئەوە نین”.

باسیشی لەوە کرد کە سیستەمی 50بە 50 لەوەوە هاتووە کاتی پارتی ٥٠.٧٣٪ و یەکێتی ٤٩.٢٧٪ی دەنگەکانی بەدەست هێنابوو، بۆیە بە مەبەستی خۆبەدوورگرتن لە کێشە، سیستەمی 50بە 50 دانراوە، بەڵام پرسیاری ئەوەی کرد کە ئێستا یەکێتی لە کوێی هاوکێشەکەدایە؟ گوتیشی: “ئێستا ٢١ کورسییان بە دۆخێکەوە هەیە کە خۆیان و ئێمەش دەزانین چۆن هێندراوە، ئایا ئەمە دابەزینی پێگەی جەماوەریی ئەو حزبە نییە؟”.

Back to top button