ههڵكردنی ئاڵای كوردستان له شهوێكی تاریكدا كاردانهوهی لێكهوتهوه
یەکێتی لەدوای بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان ،لەلایەک دەستخۆشی لێدهكرێت و لەلایەکی دیکەش رەخنە لە یەکێتی دەگرن کە لەم پرسەدا هەماهەنگی لەگەڵ نەکردوون و لە کۆدەنگی لایداوە.
حیزبی شیوعی پێشتر وەکو یەکەم حیزب ئاڵای کوردستانی لەسەر بارەگاکەی لە کەرکووک بەرزکردبووەوە، دواتر لەژێر گوشاری هێزەكانی حهشدی شهعبی پێیان هێنرابووە خوارەوە.
لای خۆیهوه ئاراس نەجم، جێگری سکرتێری کۆمیتەی پارێزگای کەرکووکی حیزبی شیوعی کوردستان گووتی “پێویسته بارودۆخی كهركوك ئاساییبکرێتەوە،كه ئهوهش پەیوەندی بە ناڕێکی نێو ماڵی حیزبەکانەوە هەیە، ئەگەرنا ههڵكردنی ئاڵای كوردستان زۆر ئاساییە، نابێ رێگری لێبکرێ و دەبێ لەداهاتووشدا ئاسایی ببێتەوە”.
حەسەن شێخانی، بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان دەڵێت: “ناکرێ لە شەوێکی تاریکدا بێ ئاگاداری حیزبەکانی دیکە بەتاکلایەنە ئەم بڕیارە بدەی، ئەمە دۆسیەی حیزبێک نییە، ئەمە شکۆی گەلێکە، بۆیە دەبێت گەل هەمووی بڕیاربدات، کارێکی باشە، بەڵام پێمان باش بوو کۆدەنگی لەسەر هەبووایە”.
هاوكات محەممەد خورشید، بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگهیاند: “هەندێک بابەت پەیوەستن بە بڕیارەکانی حکومەتی فیدراڵی، پارتی کار لەسەر ئەو بڕیارانە دەکات بۆئەوەی ئەو پرسی سەربازییەی لەسەر کەرکووک هەیە چارەسەر بکرێت، چونکە کەرکووک لەحاڵەتی داگیرکارییە و دەبێ نەمێنێ، ئاڕاستەی دووەمیش ئەوەیە چۆن لەناو کەرکووک بتوانین پرسی کاراکردنەوەی ئەنجوومەن دەستپێبکەین. بابەتەکان باش چوونەتە پێشەوە و ئێمە چاوەڕێی تەواوکردنی حکومەتی فیدراڵین تاوەکو بڕیارەکان جێبەجێ بکرێن”.
ڕاكان جبوری پارێزگاری سهپێنراوی کەرکووک و بەرەی تورکمانی و ئەنجوومەنی عەرەبی و رێکخراوی بەدر بەدەرکردنی بەیاننامە هۆشدارییان داوەتە یەکێتی نیشتیمانی كوردستان لەسەر هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و دژایەتی خۆیان بۆ ئەم هەنگاوە دهربڕی.
هاوكاتیش نووسینگهی عادل عهبدولمههدی، سهرۆكوهزیرانی عێراق ڕاگهیهنراوێكی بڵاویكردووه و دهڵێت،: “سهرۆكوهزیران، پهیوهندی لهگهڵ سهرۆككۆماری عێراق ئهنجامداوه كه پارێزهری دهستووری عێراقییه باشترین رێگا ئهوهیه كه پرس بهدادگای باڵای فیدراڵی عێراقی بكرێت”.