فەرماندەیەكی یەپەگە: ئەمریكا نایەوێت یەپەگە لەگەڵ سوریا رێك بكەوێت
دوای ئەوەی سوریا بڕیاری كشانەوەی لە سوریا و رۆژئاوای كوردستاندا, یەپەگە داوای لە رژێمی سوریا كرد كە بگەرێنەوە رۆژئاوای كوردستان, لە ئێستادا لە هەوڵی رێككەوتنێكە لەگەڵ رژێمی سوریا, فەرماندەیەكی یەپەگەش دەڵێت:” ئەمریكا دژ بە رێككەوتنی نێوان یەپەگە و سوریایە”.
ریزان حەدۆ، كەسایەتی سیاسی و راوێژكاری پێشووی راگەیاندنی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە عەفرین، رایگەیاند، ئەمەریكا هەوڵ دەدات شكست بە گفتوگۆ و دانوستانی نێوان فەرماندەكانی یەپەگە و حكوومەتی سووریا بهێنێت.
حەدۆ بۆ ئاژانسی هەواڵی “نۆڤۆستی” رووسی رایگەیاند، جەیمس جێفری، نێردەی تایبەتی ئەمەریكا بۆ كاروباری سووریا، چەند پەیامێكی ئاراستەی یەپەگە كردووە كە پەلە لە گفتوگۆكان نەكات لەگەڵ دیمەشق.
بە گوێرەی گوتەكانی حەدۆ، لەو پەیامانەدا جێفری ئاماژەی بەوە كردووە، هەندێك گۆڕانكاری روودەدەن لە بەرژەوەندی كورد دەبێت، بەتایبەتیش دوای كۆبوونەوەی رێكخراوی هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی، كە بە ناتۆ ناسراوە، لە شوبات/ فێبرایەری داهاتوو.
جێفری پرسی داخستنی بواری ئاسمانی باكووری سووریای بۆ كۆبوونەوەی داهاتووی ناتۆ، پێشنیاز كردووە، وەك حەدۆ بۆ ئاژانسەكە ئاشكرای كردووە.
ئەو سیاسەتوانەی یەپەگە روونیشی كردەوە، ئەو لێدوانانەی ئەمەریكا جێگەی نیگەرانین و داوا دەكات بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ رەوشەكە بكرێت.
حەدۆ هۆشداری لە هەر دواخستنێك بۆ بڕیاری ئەنجوومەنی سووریای دیموكرات (مەدەسە) دەدات، كە باڵی سیاسی هاوپەیمانی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدەیە) و دەڵێت: “بەداخەوە هێشتا هەندێك سەركردەی پەیەدە چاوەڕوانی گۆڕانكاری بڕیاری ئەمەریكا دەكەن”.
حەدۆ ئاماژەی بەوەشكردووە، كوردانی سووریا بەشداری هەڵوێستی ریاز درار، هاوسەرۆكی ئەنجوومەنی سووریا دیموكرات ناكەن، كە مانگێك بەر لە ئێستا بۆ رۆژنامەی “شەرقولئەوسەت” رایگەیاندبوو، حكوومەتی سووریا لە ئادار/ مارسی 2011ـەوە شەرعیەتی لەدەستداوە.
دوای بڕیاری لە ناكاوی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كشانەوەی سەربازانییان لە سووریا، ئەنجوومەنی سووریای دیموكرات (مەسەدە) گفتوگۆكانی لەگەڵ دیمەشق دەستپێكردووە بۆ ئەوەی سوپای سووریا بگەڕێتەوە ناوچە سنوورییەكان، بەتایبەتیش توركیا هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی كردووە لەو ناوچانە، كە لە ژێر كۆنتڕۆڵی هەسەدەن.
سەرچاوە: رووسیەلیەوم