لێپرسینەوە لەگەڵ بەڕێوەبەری كۆمپانیای سۆمۆ و دوو لە یاریدەدەرانی دەكرێت
دوای ئەوەی چەند مەلەفێك لە بارەی بەهەدەردانی سامانی گشتی وڵات لە لایەن بەڕێوەبەرو دوو لە یاریدەدەرانی كۆمپانیای سۆمۆ بڵاوكرانەوە, ژمارەیەك پەرلەمانتاری عەرەب لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەستیان بە هەڵمەتێكی كۆكردنەوەی واژوو كردووە، بۆئەوەی لەسەر بەهەدەردانی سامانی گشتی وڵات، لێپرسینەوە لەگەڵ ژمارەیەك بەڕێوەبەری كۆمپانیای سۆمۆ بكرێت.
لە یاداشتێكدا كە ئاراستەی لێژنەی نەوت و وزەی پەرلەمانی عێراق كراوە و واژووی ژمارەیەك پەرلەمانتاری لەسەرە، داوا كراوە، هەریەك لە عەلا یاسری، بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق “سۆمۆ”، عەلی نزار، بەڕێوەبەری بەشی دەستەی بە بازاڕكردنی نەوتی خاو لە كۆمپانیاكە و محەمەد سەعدوون، بەڕێوەبەری بەشی عەمباركردن و بەتاڵكردنەوەی ئەو كۆمپانیایە بانگهێشت بكرێن.
هەروەها هاتووە، “بە مەبەستی تاوتوێكردن و بەدواداچوون بۆ سەرپێچییەكان و ئەو پێشێلكاریانەی كە بوونەتە هۆی بەهەدەردانی سامانی گشتی لە كۆمپانیای سۆمۆ، داوا دەكەین ئەو بەڕێوەبەرانەی ئاماژە بە ناوەكانیان كراوە، بانگهێشتی پەرلەمان بكرێن”.
هەروەها داواشكراوە، “ئەو سێ بەڕێوەبەرە بەر لە كۆتایی هەفتەی داهاتوو بانگهێشت بكرێن، بۆ ئەوەی لە نزیكترین دانیشتنی پەرلەماندا لێپرسینەوە لەگەڵیان بكرێت، ئەمەش لەپێناو هەرچی زووە رێگریكردن لە بەهەدەردانی سامانی دەوڵەت و كەمكردنەوەی گەندەڵی”.