وادەی کۆبوونەوەی دووەمی كیم جۆن ئۆن و دۆناڵد ترەمپ ئاشکرا كرا

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور لە کۆتایی مانگی داهاتوو جارێکی دیکە کۆدەبنەوە.

سارە ساندەرز، گوتەبێژی کۆشکی سپی (کۆشکی سەرۆکایەتیی ئەمریکا) رایگەیاندووە، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی وڵاتەکەی و کیم جۆنگ ئونی سەرۆکی کۆریای باکوور بۆ جاری دووەم کۆ دەبنەوە.

لە بڵاوکراوەکەی کۆشکی سپی هاتووە: قسە لەسەر دیداری دووەمی نێوان ترەمپ و کیم کراوە و لە کۆتایی مانگی شوبات بەڕێوەدەچێت.

دوێنێ هەینی، کیم یۆنگ چول، بەرپرسی پێشووی هەواڵگیری کۆریای باکوور لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆبووەوە و بڕیاری دیدارێکی دیکەی لوتکەییان دا.

بەگوێرەی هەواڵیکی ئاژانسی رۆیتەرز، کۆشکی سپی لەوبارەیەوە رایگەیاندووە: سەرۆک ترەمپ لەگەڵ کیم یونگ چول بۆ ماوەی کاتژمێر و نیوێک باسی لە داماڵینی چەکی ئەتۆمیی کردووە.

لە 12ی حوزەیرانی ساڵی رابردوو، بۆ یەکەمجار، سەرۆکانی ئەمەریکا و کۆریای باکوور کۆبوونەوە و باسیان لە چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان کرد، بەڵام تاکو ئێستا واشنتن سزا ئابوورییەکانی سەر پیۆیانگی هەڵنەگرتووە.

Back to top button