رژێمی سووریا ئەگەر ئیسرائیل بۆردوومانی خاكی سوریا و دەست درێژیەكان نەوەستێنێت خۆمان دەیوەستێنین
دوای ئەوەی ئیسرائیل چەند پێگەیەكی رژێمی سوریای لە نێو خاكی وڵاتەكەی بۆردوومانكرد, نێردەی سووریا لە نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێت:” پێویستە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ”دستدرێژییەكان“ی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا، بوەستێنێت, ئەگینا خۆمان دەیوەستێنین”.
بەشار جەعفەری، نێردەی سووریا لە نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاندووە ، ئەگەر ئیسرائیل بەردەوام لە ”دەستدرێژییەكان“ و ئەنجومەنی ئاسایشیش رێگریی لەو وڵاتە نەكات، ئەو رژێمی سووریا ”بە هەمان شێوە“ی فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل، فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی تەل ئەڤیڤ بۆردومان دەكات.
فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل بەردەوام فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی دیمەشق و بنكە و بارەگا سەربازییەكانی سووریا بۆردومان دەكەن.
سوپای ئیسرائیل بەردەوام هەڕەشەی ئەوە دەكات، كە رێگا بە فراوانبوونی هەژموونی ئێران لە سووریا نادەن و بەردەوام دەبن لە بۆردومانكردنی بنكە و بارەگاكانی هێز و میلیشیا ئێرانییەكان لە سووریا.
لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە، ئێران بە ناردنی چەك و میلیشیا، هاوكاریی رژێمی سووریا لە دژی گرووپەكانی ئۆپۆزیسیۆن دەكات.
لە مانگی ئاداری 2011ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەكانی ئۆپۆزیسیۆن، رێكخراوە تیرۆریستییەكانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.
بەھۆی ئەو شەڕانەوە، كە سەراپای وڵاتەكەی گرتووەتەوە، جگە لە وێرانبوونی بەشێكی زۆری شار و ناوچەكان، زیاتر لە پێنج ملیۆن ھاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەكە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیھان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن كەسیش گیانیان لەدەست داوە.