ته‌رمی میر ته‌حسین به‌گ له‌شارۆچكه‌ی شێخان به‌خاك سپێردرا

 

رێوڕه‌سمی ئه‌سپارده‌كردنی ته‌رمی میرته‌حسین به‌گ ، به‌ گوێره‌ی نه‌ریتی ئێزدییان، به‌ڕێوه‌چوو و سرووتی ئایینی ئێزدییان جێبه‌جێ كرا.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ۵ـی شوباتی ۲۰۱۹ ته‌رمی میر ته‌حسین به‌گ، میری ئێزدییانی كوردستان و جیهان، له‌ باخچه‌ی كۆشكه‌كه‌ی له‌ شارۆچكه‌ی شێخان و به‌ ئاماده‌بوونی نوێنه‌ری سه‌رۆك بارزانی، به‌ خاك سپێردرا.

رۆژی دووشه‌ممه‌ ٤ی۲ی۲۰۱۹ ته‌رمی میر ته‌حسین به‌گ، به‌ فڕۆكه‌یه‌كی تایبه‌ت له‌ ئه‌ڵمانیاوه‌ گه‌یشته‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان و له‌سه‌ر راسپارده‌ی سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی رێوڕه‌سمێكی تایبه‌ت و فه‌رمی بۆ پێشوازیكردن له‌ ته‌رمی میری ئێزدییان سازكرا و هه‌مان رۆژ به‌ره‌و شارۆچكه‌ی شێخان به‌ رێكرا.

ئێزدییه‌كانی كوردستان و چه‌ندین وڵاتی جیهان بۆ دوا ماڵئاوایی له‌ میره‌ كۆچكردووه‌كه‌یان له‌ قه‌زای شێخان به‌شدارییان له‌ ماته‌می كۆچی میردا كرد و ته‌رمه‌كه‌یان به‌ناو كووچه‌ و كۆڵانه‌كاندا له‌سه‌ر شان گه‌یانده‌وه‌ كۆشكی میر و هه‌ر له‌وێش به‌ خاك سپێردرا.

Back to top button